لە ئەڵمانیا زیاتر لە ملیۆنێک کورد دەژین و بوونەتە زیانبەرکەوتوی سیاسەتی بێبەشکردن و تەریکخستن و تاوانبارکردن لەلایەن دەوڵەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا پۆلیس بە شێوەى توندوتیژانە هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندانی ئاشتییانە و مەدەنیانەى کوردان. توندوتیژیی پۆلیس بەرامبەر کوردان بە پاساوی یاسایی بە کارێکی "رەوا" دەزانرێت، بەڵام ئەمجارەیان پۆلیسێک بەهۆی توندوتیژیی بەرامبەر بە چالاکوانێکی کورد سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
چەند رۆژ لەوە پێش لە میدیا خۆجێیەکانی بەرلین دا هەواڵێک بە ناونیشانی "سزای زیندانی بۆ ئەو پۆلیسە بڕایەوە، کە لە چالاکوانێکی کوردی دابوو" بڵاوکرایەوە. ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەستیکرد بە دوادواچوون و زانیاریی بەرفراوانی لەبارەی رووداوەکە و پرۆسەى دادگایکردنەوەکەوە دەست کەوت. بەپێی زانیارییەکان ئەو پۆلیسە سزا دراوە، لە گەنجێکی کوردی دەستگیرکراوی یەکێک لە خۆپیشاندانێک داوە.
لە ١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨دا لە بەرلین لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ئەکادیمییەکان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ لە دژی قەدەغەکاریی سەپێنراوی دەوڵەتی ئەڵمانیا بەسەر پەکەکەدا و بۆ ئیدانەکردنی ئەو قەدەغەکارییە، کە لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ەوە بەردەوامیی هەیە، خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەری رێکخرا.
پۆلیسی ئەڵمانیا لە کاتی ئەو رێپێوانەدا بە شێوەیەکی توندوتیژانە هێرشی کردە سەر ئەو رێپێوان و چالاکییە و چەند گەنجێکی کوردیان دەستگیرکردبوو و لێیاندابوون. یەکێک لەو گەنجانە کە لەلایەن پۆلیسێکەوە بە ناوی تۆنی ئا. لێی درابوو لە رێگەى پارێزەرەکەیەوە خواستبووی سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەى هیچ بەڵگەیەکی بۆ پەلاماری ئەو پۆلیسە لە بەردەست نەبوو، لە سکاڵاکەیدا سەرنەکەوت.
بەڵام لەو کاتەدا پۆلیسکی ژن بە ناوی لیسا گ. بەو پۆلیسەى وت، "تۆ هەموو کات بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی کورد توندوتیژی ئەنجام دەدەیت" و سکاڵای لە دژ تۆمار کرد و لەسەر سکاڵای ئەو پۆلیسە ژنە دۆسیە بۆ پۆلیس تۆنی ئا. ی تاوانبار کرایەوە و لە دادگای خۆجێی بەرلین دا دەست بە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە کرا.
چەند رۆژ لەوە پێش لە دانیشتنی دادگادا، داواکاری گشتی بە پۆلیس تۆنی ئا. ی وتبوو، قسەى خۆت بکە "ئەو کەسەی سزاکە دەردەکات" دەبینێت، توندوتیژیت کردووە و لە کەسێکی دەستگیرکراوت داوە و ئەوەش تاوانە.
پۆلیس تۆنی ئا. دەستیکردبوو بە بەرگریکردن لە خۆی و رایگەیاند، ئەو چالاکوانە بۆکسی لێداوم، بەڵام پۆلیسێک بە ناوی لیسا گ. ئەو تۆمەتەی تۆنی ئا. ی بە درۆ خستەوە و وتی، تۆنی لە ئۆتۆمبێل دا ئەو گەنجە دەستگیرکراوەى راکشاندووە و دەستیکردووە بە لێدانی.
دادوەر لە ئەنجامی گوێگرتن لە وتەکان و قسەى شایەتحاڵەکان، بە وتەکانی لیسا گ. ی شایەتحاڵ قەناعەتی کرد و سزای ١ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیی بەسەر تۆنیی پۆلیسی هێرشبەردا سەپاند. تۆنی ئا. بە مەرجی مانەوەی لە ژێر چاودێریی دادگادا زیندانی نەکرا، بەڵام لەسەر کارەکەى دەرکرا.
ژ.ت