ئوچار: بەدەستی خۆمان ئاشتی بەدی دەهێنین

چیدەم کلیچگون ئوچار، لە گۆڕەپانی وێستگە، ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵات لە کەسێتی ڕێبەری گەلی کورددا دەیەوێت هەموو کورد گۆشەگیر بکات، گوتی: "ئێوە سەرناکەون، ئێمە بە یەکگرتوویی و بەدەستی خۆمان ئاشتی بەدی دەهێنین".

هەزاران کەس بەشداربوون لە میتینگی ١ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، بە پێشەنگایەتی پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە). گۆڕەپانی میتینگەکە بە ئاڵای پارتەکە ڕازێنرایەوە و درووشمی "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بەرخۆدان ژیانە" بەرزکرانەوە. هەرچەندە پۆلیس دەیویست لەڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی دەنگییەوە دەستوەردان بکات، بەڵام هەزاران کەس بە دروشم سەرنجیان بۆ گۆشەگیریی ڕاکێشا.

لە میتینگەکەدا، بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) و هاووتەبێژی وتەبێژی پارتی چەپی سەوز چیدەم کیلیچگون ئوچار قسەیان کرد.

ئوچار بە کورمانجی قسەی کرد و سەرەتا سڵاوی لە گەل کرد.

"ئامانج لە ئاشتی، ژیانێکی شکۆمەندە"

ئوچار ڕۆژی جیهانیی ئاشتی پیرۆز کرد و گوتی: "با ڕەنجی ئێوە ببێتە هۆی ئاشتییەکی شکۆمەند. ئاشتی تەنها بۆ کۆتایی‌هێنان بە مردن نییە، بەڵکو شکۆمەندکردنی ژیانە. بنیاتنانی داهاتوویەکی ئازادە. هەروەها ئاشتی پەیماننامەیەک نییە لەسەر مێز واژۆ بکرێت. ژیانی یەکسان و ئازادی هەموو زمانە زگماکییەکانە، ئازادی و ناسنامەکانە. ئاشتی متمانەیە. با کەس ئاشتی لە ناسنامەیەکدا قەتیس نەکات".

"لەڕێگەی بەرخۆدانەوە، ئیرادەمان بۆ ئاشتی زیندوو دەمێنێتەوە"

ئوچار، بەهەمانشێوە گوتی: "شەڕی پیشەسازی جیهان بەڕێوە دەبات. ئێمە خەڵکی ئەو جوگرافیایەین کە زۆرترین شت لەبارەی ئاشتی و شەڕەوە دەزانین. تەنها شتە قێزەونەکانی دەوڵەت و بەڕێوەبەرانی شەڕ هەبوون؛ ئەسیمیلەکردنی کورد هەبوو. سەدەیەکە کورد بە تەنیا جێدەهێڵن. بەڵام کورد سەدەیەکە بە بەرخۆدان وەڵامی دایەوە. ئەم بەرخۆدانە ئیرادەی ئێمە بۆ ئاشتی بە زیندووی دەهێڵێتەوە".

ئوچار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕۆژە دەبێت دیارییەک بێت بۆ ئەو دایکانەی ئاشتی کە لە جولەمێرگ لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا، ڕایگەیاند، ئەمە ڕووداوی هاتووچۆ نییە، کوشتنە.

"دەوڵەت تەنها گۆشەگیری دەزانێت"

ئوچار، تیشکی خستە سەر قەیرانەکانی تورکیا و گوتی: "خەڵک بەهۆی بێباکییەوە خۆیان دەکوژن، لە سایەی شەڕدا حکومەت هەوڵدەدات مرۆڤەکان بهێنێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە ئاشتی یۆتۆپیایە. بەڵام تێکۆشانی ئێمە بۆ بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام و شکۆمەندانە بەردەوام دەبێت. لەم وڵاتەدا گەورەترین بەربەست لەبەردەم یەکسانی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە، ئەگەر پڕۆژەیەکتان نییە بۆ چارەسەرکردنی، پێویستە پرسیار لە شارەزایان بکەن، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "دەرفەتێکم پێ بدەن، بە هەفتەیەک چارەسەری دەکەم". بەڵام عەقڵی دەوڵەت تەنها گۆشەگیری لە دژی ئاشتی دەزانێت. لە کەسێتی بەڕێز ئۆجالاندا هەوڵی گۆشەگیرکردنی تەواوی گەلی کورد دەدەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و سەرکەوتوویش نابن."

ئوچار دەستنیشانی کرد، بە یەکگرتوویی و بەدەستی خۆیان ئاشتی بەدی دەهێنن.

میتینگ بە سترانەکانی هونەرمەند خەجێ بەردەوام بوو.