یوکسەل گەنچ: مافی هیوا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەوڵەت

لە پانێڵی "مافی هیوا لە بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا"، یوکسەل گەنچ کە پاش ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازادکرا، گوتی: ". مافی هیوا چەندێک بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەندەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەوڵەت".

لقی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و نووسینگەیی یاسایی ڕحا، بە ناونیشانی "مافی هیوا لە بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا"، پانێڵێکیان ئەنجامدا. ئەندامی ئۆهەدە ئەحمەد تاش پانێڵەکەی بەڕێوەبرد. پەرلەمانتاری دەم پارتی نەورۆز ئویساڵ ئەسڵان و ئەندامی دەستەی هەماهەنگی (SAMER) یوکسەل گەنچ و فەیسەڵ ئاڤجی کە پاش ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازادبوو، وەک قسەکەر بەشداری پانێڵەکە بوون.

نەورۆز ئویساڵ ئەسڵان تیشکی خستەسەر پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ لە نامەکەیدا بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پرەنسیپی هیوای بەبنەما گرتووە، دووپاتی کردەوە دەبێت هیوا لەنێو کۆمەڵگەدا تەشەنە بکات و زیندوو بهێڵرێتەوە، گوتی: "ئایا بەڕێز ئۆجالان بیر لە چی دەکاتەوە؟ لە دیدگاکانی کە بۆ کۆنگرەی ناردبوو ئەمە دەبینین. بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت پرسەکە بگوازێتەوە بۆ سەر زەمینەی یاسا و دیالۆگ. هەروەها دەیەوێت بەبێ نێوانگیر، بۆچوونەکانی بگەیەنێت بە گەل. ئەمە کارەکتەری سەرەکی پرۆسەکەیە بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت بڕوانین لە مێژوو و ئەو ئەنجامانەی بەدەستهاتوون".

پێویستە کۆمیسیۆن لە پەرلەمان دابمەزرێت

نەورۆز ئویساڵ ڕایگەیاند بۆ ئەوەی پرۆسەکە لەڕووی یاسایی و دیپلۆماسییەوە بەرەوپێش بچێت، دەبێت کۆمیسیۆن لە پەرلەمان دابمەزرێت، بەڵام هێشتا دەوڵەت لەم ڕووەوە هەنگاوی نەناوە، گوتی: "بە دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان زۆر شت دەگۆڕێن، ئەمە ڕێکخۆشکەرە بۆ گرتنەبەر هەنگاوی پێویست".

"بەڕێز ئۆجالان هەردەم پێداگربوونی لەسەر ئاشتی نیشانداوە"

یوکسەل گەنچ تیشکی خستەسەر ئەو پرۆسانەی کە لە ساڵی ١٩٩٣ ـەوە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی دەستی پێ کردووە، ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە پێداگریی خۆی لەسەر ئاشتی نیشانداوە، بەڵام ئەوە دەوڵەتە بەدرێژایی ئەو ساڵانە هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتەبەر، گوتی: "پرۆسەکانی ئاشتی ئەوەیان نیشاندا، کە ئێمە هێزێکی ئاشتی هەرێمەکەین و هێزێکی ڕەوا و مافدارین".

یوکسەل گەنچ گوتی: "ئەگەر بمانەوێت لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتوو بین، دەبێت خۆمان ڕێکبخەین، وەکو گەل نابێت لەدەرەوەی پرۆسەکە بمێنینەوە، دەبێت بەرپرسیارێتی بگرینەئەستۆ".

"تێکۆشانی ئازادی، ڕۆحێکی هەردەم زیندووە"

فەیسەڵ ئاڤجی، گوتی: "نیچەی فەیلەسووف دەڵێت، دوو جۆر هیوا هەن: هیوای چالاک و هیوای ناچالاک. هیوای ناچالاک ئەوەیە کە مرۆڤ هیچ نەکات. هیوای چالاک درێژەدانە بە تێکۆشان. بەڕێز ئۆجالان بووەتە هیوای گەلان. بەڕێز ئۆجالان هیوای بە هیوا نییە. بەڵکو هەمووان هیوای خۆیان بە بەڕێز ئۆجالانەوە گرێدراوە، تەنانەت دەوڵەتیش هیوای خۆی بە بەڕێز ئۆجالانەوە گرێداوە. بەڕێز ئۆجالان نەوەک هەر هیوای گەلی کورد، بەڵکو هیوای هەموو گەلانە".

یوکسەل گەنچ جەختی کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای بە گەلە و ئەگەر گەل بەباشی خۆی ڕێکبخات هیج هێزێک ناتوانێت پێشی لێ بگرێت، هەروەها جەختی کردەوە کە لەڕووی یاساییەوە دەوڵەت ناچارە هەنگاوبنێت، گوتی: "نابێت بڵێین "واژۆکرا و ئیتر پرۆسەکە کۆتایی هات" بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان. چۆن ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببەین؟ بە خۆڕێکخستن. شتێک هاتەپێش کە کەسمان چاوەڕێمان نەدەکرد. تێکۆشانی ئازادیی ڕۆحێکە هەردەم بە زیندوویی دەمێنێتەوە. هیوای ئێمە بۆ گەلانە، مافی هیوا چەندە مافێکی یاساییە، ئەوەندەش مافێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. مافی هیوا چەندێک بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەندەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەوڵەت".

پانێڵەکە بە پرسیار و وەڵام کۆتایی هات.