دوو رۆژ دوای ئەوەى لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئەژماری میدیا دیجیتالییەکاندا هەندێک زانیاری بڵاوکرانەوە، داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئیبراهیم بیلمەز یەکێک لە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەبارەی راگەیاندراوەکەى داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا، کە دەڵێت، ئەو بانگەشانەى بڵاوکراونەتەوە بێ بنەمان، بۆ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا قسەى کرد.
ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رایگەیاند، ئەو داوایە کە دوێنێ بۆ سەردانکردن و بینیی ئۆجالان پێشکەشیان کردوە، ئەمڕۆش هەمان داوایان هەیە و وتی، "باشە بۆ ئێمە بۆ دۆخی تەندروستیی موەکیلەکەى خۆمان، بۆ ئاگاداری وەرگرتن چاوەڕێی راگەیاندراوێکی لەو شێوەیەی داواکاری گشتی بین، یان بۆ ئێمە پشت بە راگەیاندراوی داواکاری گشتی ببەستین؟ باشە لە دەوڵەتێکی حقوقی و یاسایدا شتی لەو شێوەیە ئاساییە؟
ئێمە دوێنێ چیمان وتبوو، ئەمڕۆش هەمان شت دەڵێین. دەبێت بە خێرایی گۆشەگیریی کۆتایی پێبهێنرێت و موەکیلەکەمان بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی تر لە زیندانی ئیمراڵی مافە یاساییەکانیان بەکار بهێنن. دەبێت بنەماڵە و پارێزەرەکان بتوانن چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەن و مافی بەکارهێنانی تەلەفونیان هەبێت و لە شێوازەکانی تری پەیوەندیش سوود وەربگرن. ئێمە وەک پارێزەرانی دەمانەوێت بڕۆین بۆ ئیمراڵی و بە چاوی خۆمان موەکیلەکەى خۆمان ببینین".
ژ.ت