ئیلێنی تیۆچارۆس: پێویستە بۆ عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوی بەهێز بهاوێژین

پەرلەمانتاری پێشووی ئەوروپا و پەرلەمانتاری قوبرس، ئیلێنی تیۆچارۆس، پشتگیری خۆی بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕاگەیاند و گوتی: "پێویستە هەنگاوی بەهێزتر بهاوێژین".

پەرلەمانتاری پێشووی ئەوروپا و پەرلەمانتاری قوبرس، ئیلێنی تیۆچارۆس کە لەسەر تێکۆشانی ئازادی کوردستان کتێبێکی بە ناوی "ڕۆزا" نوسیووە، ڕایگەیاند لە ساڵی ١٩٨٠ ـەوە لەسایەی تیۆفیلۆس گۆرگیدیاسەوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێی گوتبوو "شەهیدی ئێمەیە"، گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی کوردی ناسیوە.

"بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، پێویستە شتانێکی کاریگەرتر بکەین"

ئیلێنی تیۆچارۆس، ئاماژەی کرد بە ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد و گۆشەگیرییەکەی و گوتی: "بڕوام وایە، دەبێت لە ئاستی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا شت بکەین... پێویستە شتانیکی کاریگەرتر بکەین".

هەروەها هەڵوێستی هێزە نێونەتەوەییەکانی بە "نمە‌ک‌کوێری" پێناسەکرد، بێدەنگی ئەم هێزانەی شەرمەزارکرد، چونکە دەتوانن بە چەندین ڕێگەی جیاواز فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورک، گوتی: "نامەیەک بۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین دەنێرم، لێی دەپرسم بۆچی عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو مافەکانی مرۆڤ بێبەشە".

"ئەو سەرکردەیەکی ڕاستەقینەیە؛ پێی سەرسامم"

باسی لە ڕۆژی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد، گوتی: "کەسێکی تەواو کراوە بوو، باسی لەوە دەکرد چۆن کوردستانێکی ئازاد دامەزرێنێت. ئەو سەرکردەیەکی ڕاستەقینە بوو، شەڕڤانێک بوو. من پێی سەرسامم، پێم وایە، گرتنی وی کارەساتە. پێش گرتنی، چەند جارێک چاوم پێکەوتووە، من سەرسامی تێکۆشانی ئەو بووم".

هەروەها جەختی کردەوە، کاتی ئازادبوونی هاتووە، ماوەیەکی زۆرە بەبێ دادگاییەکی دادپەروەرانە لە زیندانە، پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پشتگیری لە هەوڵەکانمان بکات بۆ ئازادکردنی.

"ئەگەر دەست لە بەرخۆدان هەڵبگرین، کۆتاییمان دێت"

ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوو ڕێگە هەن، گوتی: "ڕێگەی یەکەم سیاسییە، ئەویتر شەڕکردنە، پێویستە هیچکات دەست لە تێکۆشان بەرنەدەین. ئەگەر دەست لە بەرخۆدان هەڵبگرین، ئەوە کۆتاییمان دێت. چونکە تورکیا دەوڵەتێک نییە لە دانوستان تێبگات".

"پێویستە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکرێت"

لەکۆتاییدا، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەمووان بەشداربن لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، هەروەها گوتی: "عەبدوڵا ئۆجالان خاوەنی فیکرێکی سیاسی بوو، سەرکردەیەکی سیاسی بوو، مەترسییەکانی دەبینی، سەرکێشییەکانی دەبینی، بەشێوەیەکی عەقڵانی هێزی چەکی بەکاردەهێنا. ئەگەر مرۆڤ لە کاتێکی ڕاست، لە شوێنێکی ڕاست و بەبێ ئەوەی ژیانی خەڵکی سڤیل بخاتە مەترسییەوە، هێزی چەک بەکاربهێنێت، گرنگە. پێویستە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکرێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە ئێمە لە یەکێتی ئەوروپا تێبکۆشین".