ئیشکگری دادپەروەری لە ئیزمیر ٣٨ رۆژە بەردەوامە

خانەوادەی زیندانیان لە ئیزمیر ٣٨ رۆژە بەردەوامن لەسەر چالاکیەکەیان بۆ دادپەوەری.

چالاکی ئیشکگری دادپەوەری خانەوادەی زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانەی کە سزاکانیان تەواو بووە، بەڵام ئازاد نەکراون، ٣٨ رۆژە لە ئیزمیر بەردەوامە. بەڕێوەبەرانی ناوچەی بوجای ئیزمیر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی خانەوادەکانیان کرد کە لە لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئیزمیر بەردەوامی بە چالاکیەکەیان دەدەن.

جەمیلە کاراکایا بەڕێوەبەری لقی ئیهادەی ئیزمیر رایگەیاند کە کۆمەڵەکەیان چەندین ساڵە بۆ ئازادی زیندانیانی نەخۆش کار دەکات و وتی، " بەم ئامانجە ٣٨ رۆژە دایکان چالاکی دادپەروەری ئەنجام دەدەن. ئێستاش بەم سەردانە هەوڵ دەدەن دەنگیان بە جیهان بگەیەنن. ئێمەش هەوڵ دەدەین کە پێکەوە پشتگیری و دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە."

'رووبەرووی مەرگیان دەکەنەوە'

جیهاد گونەی بەڕێوەبەری هەدەپەی ناوچەکەش رایگەیاند کە زوڵمێک کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نەبینراوە، لەسەر گەلی کورد هەیە و وتی، " بۆچیی داواکاری زیندانەکان قبوڵ ناکرێت؟ زیندانیان بە تەنها ژیانێکی مرۆڤیان دەوێت. هەموو جیهان دەزانێت کە دۆخی ئایسەل توغلوک بەرەو خراپی دەڕوات. ئەمە چ مرۆڤایەتیەکە؟ ئەمە چ ویژدانێکە! هیچ مرۆڤایەتیەک نییە و زیندانیان رووبەرووی مەرگ کراونەتەوە."

ف.ق