ئۆزسۆی: ئەگەر گومانیان نییە، با رێگە بە شاندێکی پسپۆڕی کیمیای سەربەخۆ بدەن

هوشیار ئۆزسۆی پەرلەمانتاری هەدەپە لە بارەی پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی رایگەیاند، "ئەگەر گومانیان لەو بابەتەدا نەبێت، وەك خۆیان دەڵێن، با شاندێكی سەربەخۆ بچێتە هەرێمی شەڕ."

هۆشیار ئۆزسۆی پەرلەمانتاری هەدەپە و هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەدەپە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە دیمەنەکانی هێرشی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک کرد و رایگەیاند، پرسەکە بە لێکۆلینەوەی شاندیکی پسپۆڕی چەکی کیمایی سەربەخۆ بۆ هەرێمی شەڕ ڕۆن دەبێتەوە.

'ئەو نیقاشانەی کە دەکرێن نوێ نین'

ئۆزسۆی رایگه‌یاند كه‌ گفتوگۆی‌ چه‌كی كیمیایی له‌ هه‌رێمی كوردستان نوێ نییه‌ و ئاماژەی بەوەدا كه‌ ٦-٧ مانگه‌ شه‌ڕ له‌ ناوچه‌ی ئاماژه‌كراودا هه‌یه‌ و خه‌ڵكی زۆر له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌كان بەهۆی گازی کیماییەوە چارەسەریان بۆ کراوە. ئۆزسۆی راشیگەیاند، لەو ماوەیەدا دوو شاند بە مەبەستی لێكۆڵینەوە چوونەتە ناوچەكە ، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە و گوتی، "دوو شاندی جیاواز چوونەتە ناوچەكە بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی كە دەگوترێت بەهۆی ئەو ماددە كیمیاییەوە زیانیان بەركەوتووە. بەڵام بەداخەوە ئیدارەی هەرێمی کوردستان رێگەی نەدا شاندەکە بگاتە گۆڕەپانی شەڕ و لێکۆلینەوە بکات. هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەریەکە کە خۆی بووەتە قوربانی کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و هەڵەبجەی بینیوە؛ بۆیە ئەم جۆرە هەڵوێستە لە بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستان قبوڵ ناکرێت."

'بە قسەکانی وەزیری بەرگری ناتوانن ئەم پرسە بشارنەوە'

ئۆزسۆی وەبیری هێنایەوە کە دیمەنێک کە مرۆڤی تووشی شۆک کرد و دژی مرۆڤایەتیە، بڵاوکرایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئیدعای زۆر جددی هەیە، بۆیە ناتوانرێت ئەم دۆخە بە قسەی وەزیری بەرگری بشاردرێتەوە. ئۆزسۆی ئەوەشی خستەڕوو كە تاكە رێگە بۆ دەرخستنی راستیەکان، ئەوەیە شاندێكی سەربەخۆ بچێتە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوە بكات و گوتی "ئەگەر گومانیان لەم بابەتەدا نییە، شاندێكی سەربەخۆ بچێتە ناوچەكە".

' فینجانجی پزیشکێکی خاوەن ئەخلاق و پیشەگەرە'

ئۆزسۆی ڕایگەیاند کە شەبنەم کۆڕور فینجانجی وەک پزیشکێکی پسپۆڕ، ئەم بابەتەی هەڵسەنگاندووە و ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر فینجانجی دەربڕی گوتی، " مامۆستا شەبنەم لە ڕوانگەیەکی پیشەییەوە لێکدانەوەی بۆ دیمەنەکە کردووە و ویستویەتی لێکۆڵینەوەی تەواوی ەسەر بکرێت. تەنها بەهۆی ئەمەوە سەرۆک ئەردۆغان هێرشی کردە سەر ئەو و سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە تویتەردا لەمبارەیەوە پەیامیان بڵاوکردبووە."

' ئۆپۆزسیۆن بە هەڵوێستێکی قەوارەپارێزی کلاسیک جووڵایەوە'

ئۆزسۆی ڕایگەیاند کە لە کاتێکی وادا دەبوو ئۆپۆزسیۆن قیامەتی دروست بکردایە، بەڵام وەک هەمیشە هەڵوێستی قەوارەپارێز، دەوڵەتپارێزی کلاسیکی پیشاندا. ئۆزسۆی کۆمەڵکوژی دێرسیمی بەبیرهێنایەوە و گوتی "ئەو رێبازەی کە دەڵێت هیچ شتێکی لەم شێوەیە نەکراوە راست نییە. لە مێژووی تورکیادا لە ئەشکەوتەکانی دێرسیم لەدژی مرۆڤەکان گازی کیمیایی بەکارهێنرا. ئەمە لە تۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەتدا هاتووە، بەڵا لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆدا، جگە لە سەزگین تانرکۆلۆ جێگری جەهەپە ، کە پرسیارێکی لەسەر ئەو بابەتە کرد، ئەوانەی دیکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ شتێکی لەم شێوەیە رووینەداوە. کەواتە لێرەدا دەبێت چی بکرێت؟ پێویستە وەک مامۆستا شەبنەم گوتی شاندێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی کە لە پسپۆڕی تورکیاشیان تێدا بێت سەردانی ناوچەکە بکەن و لێکۆلینەوە بکەن. جگە لەم رێگەیە، هەر قسەیەک کە لەسەر ئەم پرسە دەکرێت، دیماگۆژیە.

' هەموو ئاشتیخوازێک پێویستە هەوڵ بۆ چارەسەری پرسی کورد بدات'

ئوزسۆی رایگەیاند کە دەوڵەتی لەبەرئەوە رۆژ بە رۆژ زیاتر لە ئیرادەی چارەسەری پرسی کورد دوور دەکەوێتەوە. هەموو جۆرە رێبازێکی توندوتیژی بەکاردەهێنێت. بۆیەش قسەکانی وەزیری بەرگری کە دەڵێت ، لە کەلتوری ئێمەدا ئەشکەنجە و سزادان نییە' درۆیە و گوتی. ئایا گوندی کوردان نەسووتێنران؟ مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاشکرا نەکوژراون؟ سووکایەتی بە تەرمەکانیان نەکراوە؟ لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بە ئەندازەی جیهان بەڵگە هەیە. ئێستاش خولوسی ئاکاری هەڵدەستێت و دەڵێت، ' شتی وا نەکراوە'. بەڵام ئەم گەلە هۆش و بیری هەیە. باشە گوێ لە قسەی ئێوە دەگرێت، یان لەبیری دەکات؟ بە چاومان بینیوە کە لە ناوەندی گوندەکان گوندنشینان ئەشکەنجە دراون." ئاشکرایە کە هەر کاتێک دەوڵەتی ئیرادەی چارەسەری کورد لەدەست دەدات، رێبازی توندوتیژی بەکاردەهێنێت. ئەگەر رێگری لەم سیاسەتە نەکرێت، واتە رێگە بۆ توندوتیژی خۆش دەکەن. ئەمە بە ئەندازەی ٢+٢ یەکسانە بە ٤ ئاسانە. بێگۆمان هیچ هیوامان بەم حکومەتە نییە. ١٠٠ ساڵە لەدژی کورد شەڕ دەکرێت و ئەگەر بەم شێوەیە بێت ١٠٠ ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت. گەلان زیانیان بەردەکەویت. دەسەڵاتدارەکان بەم شێوەیە کار دەکەن و رێگەیەک بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات دەدۆزنەوە."

ئوزسۆی لە کۆتاییدا رایگەیاند کە چاودێری دۆخەکە دەکەن و بۆ ئاشکراکردنی روداوەکە هەدەپە بە بەردەوامی لەنێو هەوڵدانەکاندا دەبێت.

ف.ق