ژنان ڕژانە گۆڕەپانەکان: لە ژینا تا نارینەکان، لێپرسینەوە دەکەین!

ژنان لە دووەمین ساڵیادی بەرخۆدانی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕژانە گۆڕەپانەکان، گوتیان: "لە جەمیلە تا لەیلا، لە ژینا ئەمینی تا نارین، دژی سیاسەتی سزانەدانی تاوانباران لە گۆڕەپانەکان دەبین".

ژنان لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لە چەند شارێک ڕژانە گۆڕەپانەکان و پەیامیان دا: "بە "ژن، ژیان، ئازادی" لێپرسینەوە لە کوشتنی ژنان و مناڵان دەکەین".

ئیدر

ڕێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

هاوسەرۆکانی شارەوانی و پەرلەمانتار یەڵماز هون و ڕێکخراوەکان لەبەردەم بینای دەم پارتی کۆبوونەوە و تا شەقامی جمهورییەت ڕێپێوانیان کرد. درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و پانکارتی "لە جەمیلە تا لەیلا، لە ژینا ئەمینی تا نارین، دژی سیاسەتی سزانەدانی تاوانباران لە گۆڕەپانەکان دەبین" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەبەپەی ئیدر، کەزبان قەرەسوو ژینا ئەمینی بیرهێنایەوە و تیشکی خستەسەر فشارەکانی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر ژنان، ئاماژەی کرد بە توندوتیژی دەسەڵات بەرامبەر ژنان و گوتی: "لەم وڵاتە ڕۆژانە دەستدرێژی و کوشتنی ژنان ڕوودەدات، سەلامەتی گیانی ژنان و مناڵان نەماوە. بۆ سزادانی بکوژان، ژنان بۆ دادپەروەری لە گۆڕەپانەکان دەبن".

ڕحا

چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیان بەست.

پێش کۆنگرەکە پۆلیس ویستی ڕێگری لە چالاکییەکە بکات، جەماوەر بە چەپڵە و هەلهەلە ڕێگرییەکەیان شەرمەزار کرد.

چالاکوانانی تەژەئا عادیلە فیدان گوتی: "بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکی سەر ژنان بێدەنگ نابین".

شەرناخ

لە ناوچەی جزیری شەرناخ بە بەشداری ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپە و دایکانی ئاشتی و پەرلەمانتار زەکی ئیرمەز و چالاکوانانی تەژەئا ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

تێیدا درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێدەنگ نابین" و "بەرخۆدان ژیانە" بەرزکرایەوە.

وان

لە وان بە پێشەنگایەتی تەژەئا لە شەقامی هونەری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەسترا. بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکان بەشداربوون، هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەی ڕێگەی ئاوریشم ڕایگەیاند ژنانی کورد بۆ یەکسانی ڕەگەزی تێدەکۆشن، گوتی: "ئەم تێکۆشانە نەوەک لە ئێران، بەرخۆدانی ژینا ئەمینی بۆتە بەشێک لە تێکۆشانێکی مەزنی مێژوویی".

ئێلح

لە ئێلح بە بەشداری زۆرێک لە پارت و ڕێکخراوەکان ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە و پاشان ڕێپێوان ئەنجامدرا.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە بە درووشم و هەلهەلە لەبەردەم بینای دەم پارتی کۆتایی هات.