ژینا ئەمینی لەسەر گڵکۆکەی یادی کرایەوە

ژینا ئەمینی لەلایەن کەسوکاری گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییەوە لە سەر گڵکۆکەی یادی کرایەوە. لە یادەکەدا گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران شەرمەزار کران.

سەرباری گوشار و زۆرداری دەسەڵات لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرخودانی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە. مامۆستاین لە چەندین شار لە پێناو داواکردنی مافەکانیان رژانە گۆڕەپانەکان.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سەرتاسەری ئێرانەوە ژمارەیەك لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختكردوانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” و چالاكوانان لە شارە جیاجیاكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە ڕوویان كردووەتە سەر گڵكۆی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز. بنەماڵەی سمكۆ مەولودی یەك لە گیانبەختكردوانی خۆپیشاندانەكانی مهاباد چوونە شاری سەقز و لە سەر مەزاری ژینا یادی سەرجەم گیانبەختكردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییان بەرزڕاگرت.

سەرەڕای چڕكردنەوەی فشارەكانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی زیاتری حیجابی زۆرەملێ، تادێت ژمارەی ئەو ژنانەی بە بێ سەرپۆش لە شەقام و شوێنە گشتییەكان دەبیندرێت لەهەڵكشاندایە.

پشووەكانی نەورۆز و گەشتەكانی ئەو بۆنەیە، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ژنان ئەو نافەرمانییە مەدەنییە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە شوێنە گەشتیاری و مێژووییەكان ئەنجام بدەن و دەیان وێنەی ژنان بە بێ سەرپۆش لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی دەسيڵات بۆ زیاتر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر پڕۆژەیاسایەک لەو بارەوە لە هەڵکشاندان. بەگوێرەی ئەو پڕۆژە یاسایەی لەلایەن توندڕەوەكانی ناو پەرلەمانی ئێران، بە مەبەستی زیاتر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ئامادەكراوە، ئەو ژنانەی یاساكە پێشێل دەكەن لە نێوان ٥٠٠ هەزار تمەن تا سێ ملیار تمەن سزای داراییان بۆ دیاریكراوە.

هـ . ب