"زمان ناسنامە و هەبوونی کوردە"

زمان ناسنامە و ئامڕازی هاوبەشی کۆمەڵگەکانە، پاراستن و بەرەوپێشبردنی یادەوەری هاوبەشی کۆمەڵگە، پەیوەستە بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی دایکی، بۆیە قەدەغەکردنی زمانی کوردیی، لە بنەڕەتدا سیاسەتی نەهێشتنی هەبوونی کوردە.

ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی

دەتوانین زمان بە نیشانەی هەر فەرهەنگێک و پێناسەی گەلان بناسێنین، زمان بریتییە لە کەرەستەی دەربڕینی بیر و باوەڕی مرۆڤ و هۆیەکە بۆ لەیەکترگەیشتنی تاکەکانی نێو جڤاکێک.

زمان بەشێوەیەکی توندوتۆڵ گرێدراوی زارەوەی کولتوورە؛ لە چوارچێوەی بەرتەسکیشدا لە بنەڕەتدا توخمێکی سەرەکی بواری کولتوورە. زمان بە مانا بەرتەسکەکەی، دەشێت بە سیفەتی کولتووریش پێناسە بکرێت و هەرشتێک پەیوەندی بە کولتوور و کەلەپوورەوە هەبێت زمان لە لەناوچوون دەیپارێزێت و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە و بەردەوامی پێ دەبەخشێت.

خودی زمان میراتی کۆمەڵایەتیی زەینییەت، ئەخلاق، جوانیی هەست و هزرە کە کۆمەڵگەیەک بەدەستی هێناوە. زمان بوونی زیهنی و ناسنامەییە،کە بە واتا و هەست دەرکیان پێکراوە و بە گوزارشت و دەربڕین گەیشتوون. چونکێ ئاستی پێگەیشتنی زمان ئاستی پێشکەوتوویی ژیانە. واتە ئەو کۆمەڵگەیەی زمانی بەدەست هێنابێت و گوزارشت لەخۆی بکات، ئەوا بووەتە خاوەن بیانووە بەهێزەکەی ژیان.

زمان ڕەگ و هەبوونی کوردە، دوژمنان و داگیرکەرانی کورد دەیانەوێت ئەم ڕۆحە لەناو کوردان لەناو ببەن، ئەوان لە ڕۆحی کوردی ئازاد دەترسن، پێویستە گەلی کورد بەشێوەیەکی بەهێزتر و فراوانتر بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدات، هەموو کارێک بە کوردی بکرێت و لە هەموو شوێنێک بە زمانی کوردی قسە بکرێت.

هەر وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: 'یەکەمین جار خۆمم بەکەمزانی و خۆمم بچووک بینی، ئەو کاتە دەستی پێکرد،کە بەبێدەنگی لە زمانی دایک( زمانی کوردی) دووردەکەوتمەوە و لە زمانی تورکی نزیک بوومەوە کە زمانیکی خاوەن ئیمتیازات بوو.'

لە منداڵییەوە (ڕێبەر ئاپۆ) درکی بە داگیرکارییەکانی دوژمن کرد و ئەمەش کەڵکەڵەی شۆڕشی خستە سەرییەوە و بڕیاریدا  لە دژی داگیرکاری بۆ سەر زمانی دایکی و تەواوی گەلانی بندەست هاوشێوەی گەلی کورد کە دەچەوسێندرێنەوە شۆڕش بەرپا بکات.

هێرش لەسەر زمانی دایک بەردەوامی هەیە، لەبەر ئەوەی زمان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی زیندوومانەوەی نەتەوە و  داگیرکەر لەڕێگەی لێدان لە زمانەوە هەوڵدەدات نەتەوەکە بتوێنێتەوە.

بۆیە مڕۆڤ لەڕێگەی پاراستنی زمانەوە دەتوانێت کار بکات بۆ هۆشیارکردنەوەی گەلەکەی و وێنە بەرفراوانەکەی داگیرکاری بخاتەڕوو، هەر ئەوەش وادەکات زمانی دایک بە زیندوویی بمێنێتەوە.

ئاستی بەرەوپێشچوونی زمان ئاستی بەرەوپێشچوونی ژیانە؛ کۆمەڵگەیەک چەندە ئاستی زمانی دایکی خۆی بەرەوپێش بردبێت، بەو ڕادەیەش ئاستی ژیانیشی بەرەوپێش بردووە. هەروەها چەندە زمانی لەدەست دابێت و کەوتبێتە ژێر کاریگەری زمانەکانی دیکەوە، بەو ڕادەیە داگیرکراوە، تووشی سەرکوت و قڕکردن بووەتەوە. ئەو کۆمەڵگایانەی لەو دۆخەدان ناتوانن لە ڕووی هۆشیاریی، ئاکاریی و پێگەوە خاوەن ژیانێکی واتاداربن و وەک کۆمەڵگەی نەخۆش تا ئاستی لەناوچوون ناچار بە ژیانێکی مەرگەساتبارانە دەبن.

زمان ناسنامە و ئامڕازی هاوبەشی کۆمەڵگەکانە، پاراستن و بەرەوپێشبردنی یادەوەری هاوبەشی کۆمەڵگە، پەیوەستە بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی دایکی، بۆیە قەدەغەکردنی زمانی کوردیی، لە بنەڕەتدا سیاسەتی نەهێشتنی هەبوونی کوردە. بە پێویستی دەزانێت لە دژی ئەو سیاسەتە، بەڕێگەی قسەکردن و نووسین و بەکارهێنانی زمانی کوردیی تێبکۆشین و  لە هەموو کات زیاتر خاوەنداریی لە زمانەکەمان بکەین.

پشتیوانی بۆ بە زیندوومانەوەی زمانی کوردی تەنها شۆڕشە، بەتایبەت شۆڕشی هزری چونکە زمان پەیوەستە بە هزرەوە و گرێدروای یەکدین، مرۆڤ بە هۆی زمانەوە بیر دەکاتەوە و دەژی، پەرەسەندنی زمان پێشمەرجی پەرەسەندنی هزر و ڕامانە.

ڕۆژی زمانی دایک بۆ یەکەمجار لە ١٧ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا و ساڵی ٢٠٠٨یش ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشاندا و ساڵی ٢٠٠٨یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.