زیاتر لە ٤٢ هەزار زیندانی مافی دەنگدانیان دەبێت

لە زیندانەکانی تورکیادا زیاتر لە ٤٢ هەزار زیندانی مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە رێگەی ئەو سندووقانەی لە زیندانەکاندا دادەنرێن دەنگبدەن. هەروەها پرسی پاراستنی سندووقەکانیش لە زیندانەکان گرنگە.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا کە لە ١٤ی ئایاردا بەڕێوەدەچن، نزیک دەبنەوە. کاتێک لیستی کاندیدەکان ئاشکرا دەکرێن، لەلایەکی دیکەوە بۆ پرۆسەکە ئامارە تەکنیکیەکانی وەک تۆماری دەنگدەران و ئەوەی کە کێ مافی دەنگدانی هەیە، دەکەوێتە بەرباس. یەک لەو شوێنانەی دەنگدان تیایدا بەڕێوەدەچێت زیندانەکانن، کە گرنگییەکی زۆریان هەیە. بە گوێرەی ئامارەکانی مانگی کانونی دوەمی ٢٠٢٣ لەئێستادا ٣٤١ هەزار و ٤٩٧ کەس لە زیندانەکاندان. بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی داد لە کۆی ئەو ژمارەیە ٢٩٨ هەزار و ٩٧٥ کەس سزادراو و ٤٢ هەزار و ٥٢٢ کەسیش بەندکراون.

لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی ٦٧ی دەستووری هەمیشەییدا هاتووە: "سزادراوان لە دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی سزا ناتوانن دەنگ بدەن. هەربۆیە ئەو زیندانیانەی بە هۆی تاوانی بەمەبەست سزادراون ناتوانن دەنگ بدەن. ٤٢ هەزار و ٥٢٢ کەس کە بەندکراون و ئەو ماددەیە نایانگرێتەوە دەتوانن مافی دەنگدانی خۆیان بەکاربهێنن. بۆ ئەو سندووقانەی لە زیندانەکاندا دادەنرێن لە لایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەوە فەرماندەر دیاری دەکرێت. لەبەر ئەوەی هەدەپە بە ناوی خۆیەوە ناچێتە هەڵبژاردن و پارتی چەپی سەوز لە پەرلەماندا نەبووە، ناتوانێت لە لیژنەکانی سەر سندووقدا بەشدار بێت.

هاووتەبێژی لیژنەی زیندانەکانی ئۆهەدە وەدات ئەجە لەبارەی گرنگی پاراستنی ئاسایشی سندووقەکان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) کرد و رایگەیاند، "بۆ ئەوەی ئاسایشی سندووقەکان لە زیندانەکاندا دەستەبەر بێت، دەبێت نوێنەرانی پارتە سیاسیەکان و فەرمانبەرانی سەر سندووقەکان کە لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەوە ئەرکدار کراون، بە گوێرەی پێویست ئەرکەکانیان راپەڕێنن. گرنگە کە لە دوای هەڵبژاردن کۆتا پەڕاوەکان و سندووقەکانی دەنگدان رادەستی لیژنەکانی هەڵبژاردنی ناوچەکان بکرێن".

هـ . ب