عەزیز ماملێ: تورکیا بە سودوەرگرتن لە بێدەنگی ئەوروپا گۆشەگیری لە ئیمراڵی توندتر کردووەتەوە

سیاسەتمەداری کورد عەزیز ماملێ باس لەوە دەکات دەوڵەتی تورک بە سودوەرگرتن لە بێدەنگی ئەوروپا گۆشەگیری و ئەشکەنجەی لە زیندانی ئیمراڵی چڕکردووەتەوە و لە پێناو شکاندنی گۆشەگیریش چەند پێشنیازێک دەخاتەڕوو.

عەزیز ماملێ باس لەوەدەکات، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە سەرجەم ئەو مافانە بێ بەش کراوە کە لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکاندا لەبارەی مافەکانی زیندانیان ئاماژەیان پێدراوە و جەختیشی دەکاتەوە، کە بۆ تێکشاندنی گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی و کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی لەوێ ئەنجام دەدرێن دەتوانرێت زیاتر پشت بە چەند رێکارێکی یاسایی و مەدەنی ببەسترێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتان و دامودەزگاکانی ئەوروپا گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنێت.

عەزیز ماملێ سیاسەتمەداری کورد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بە پیلانگێڕیی نوێنەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و رایگەیاند: بەڕێز "عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی کە گرێدراوی حکومەتی تورکیایە، بەسەردەبات. بۆچی دەبێ ئێستا ئەو سەرکردە کوردە لە زیندان بێت؟! هەمووان دەزانن لە ساڵی ١٩٩٨ هەوڵیدا لایەنێکی ئاشتیخواز ڕۆڵی هەبێت لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. هەروەها لە لایەن حکومەتی تورکیاوە فشاریان خستەسەر بۆ ئەوەی سوریا بەجێبهێڵن. بەڕێز ئۆجالان ئەورووپای هەڵبژارد کە بێت و بیکاتە مەیدانێک بۆ سیاسەتی ئاشتیانە و داوا لە ڕێکخراوە مەدەنی-سیاسیەکانی فەرەنسا و سەندیکاکان و پەرلەمانتاران بکات کە چارەسەرێکی سیاسی و مەدەنی بدۆزنەوە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزمی تورکیا و کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری و نایەکسانی".

وتیشی: "بینیمان کە بوونی بەڕێز ئۆجالان لە ئیتالیا بە هێرش و پیلانگێڕییەکانی تورکیا بەرەوڕوو بووەوە و بە هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕووسیا، بە داخەوە گەیشتە ئاستێک کە لە ئیتاڵیا بە دیل گیرا و ڕادەستی تورکیا کرا کە ئەمە ئەوپەڕی مامەڵەی نامرۆڤانە و دژایەتیکردنی بنەماکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤە".

عەزیز ماملێ لە درێژەی قسەکانی وتی، " بینیمان کە بوونی بەڕێز ئۆجالان لە ئیتالیا بە هێرش و پیلانگێڕییەکانی تورکیا بەرەوڕوو بووەوە و بە هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕووسیا، بەدیل گیرا و ڕادەستی تورکیا کرا کە ئەمە ئەوپەڕی مامەڵەی نامرۆڤانە و دژایەتیکردنی بنەماکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤە."

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە سەرنجی بۆ سەر سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی راکێشا و  وتی:" ئێستا ٢٥ ساڵە بەڕێز ئۆجالان تووشی ئەشکەنجەی دەروونی دەبن. تەنانەت ماوەی ٣٠ مانگە، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کراون، لەوانە مافی سەردانی خێزان و پارێزەرەکانیان. بۆیە هەموو هەوڵ و تێکۆشان لە کوردستان و بە تایبەت لە ئەورووپا لەپێناو کۆتایی هێنان بە ئەو ئەشکەنجە و پێشێلکاریانەی مافەکانیان بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ هەروەها کۆنوانسیۆنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها پەیماننامە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان کۆتایی نەهاتووە".

روونیشیکردەوە: " ئەو پەیماننامانە بە ئاشکرا باس لە مافەکانی هەموو زیندانییەکی سیاسی دەکەن بەبێ گوێدانە ڕەگەز، ئایین، بیری ئایدیۆلۆژی و سیاسی، نەتەوە و ڕەگەز، لە کاتێکدا بەڕێز ئۆجالان، ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ئێستا لە هەموو ئەو مافانە بێبەش بووە، بەداخەوە تورکیا سود لە بێدەنگی وڵاتانی ئەوروپا وەردەگرێت و دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە بەڕاستی لە لوتکەی نادادپەروەری و نایەکسانی و نامرۆڤایەتیدایە".

عەزیز ماملێ دەربارەی هەوڵەکانیش لەپێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتی، ڕاستە هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر دراوە بۆ دۆزینەوەی پەنجەرەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە لانیکەم بەشێک لەو پرۆسەی پێشێلکردنی مافە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجام". هەر لەو رووەوە ئەو سیاسەتمەدارە کوردە چەند پێشنیازێکی خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەو هەوڵ و تێکۆشانە، بەتایبەتی لە لایەنی یاساییەوە و لە ڕێگەی پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان و تەنانەت ئەو گردبوونەوە مەدەنیانەی کە کورد لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێکی دەخات، پێویستە بەردەوام بێت و دادگاکانی ئەوروپا ئاگادار بکەنەوە کە سەرەتا ڕێگری لە تورکیا بکەن لە چوونە ناو ئەوروپا تا ڕێز لە هەموو مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بنەماکان بەپێی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان ڕەچاو بکات. دووەم: پێویستە هەموومان لە ڕێگەی میتۆدی یاسایی و مەدەنی و بە ڕێپێوان و داخوازی هەوڵ بدەین. پێویستە شاند بنێرین بۆ دیدار و قسەکردن لەگەڵ پەرلەمان و سەندیکای کرێکاری و لایەنە سیاسییەکانی ئەوروپا بۆ ئەوەی داوایان لێبکەین مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکەن و داوای لێبکەین ڕێز لەو پەیماننامە نێودەوڵەتیانە بگرێت کە واژۆی کردووە".