ئێشکگریی ئازادی سەرلەنوێ دەستیپێکردەوە -نوێ کرایەوە-

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەبێ راوەستان بۆ ماوەى ٨ ساڵ بەردەوامبوو، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا (Covîd-19) بە ناچاری بۆ ماوەیەک ئێشکگرییەکە راگیرا و ئێستاش چالاکییەکە سەرلەنوێ دەستیپیکردوەتەوە.

ئێشکگریی ئازادی بە دروشمی "ئازادی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان" لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا لە ٤١٦هەمین هەفتەدایە. چالاکییەکە لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی بەرامبەر بە پەتای کۆرۆنا لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٠ەوە بە شێوەیەکى کاتی راوەستێنرا. چالاکییەکە ئەم هەفتەیە بە بەشداریی ئەندامانی رێکخراوی ژنانی گەنجی ئازاد و بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ سەرلەنوێ دەستیپێکردەوە.

دەستەی یەکەم، کە سەرلەنوێ دەستیان بە چالاکییەکە کردەوە دەستەیەک لە گەنجانی کوردن بە ناوەکانى ژیان ئاسلان، مەروان ئامەد، رامان بیلال و ئارام سەمسوور.

'چالاکییەکە لە ئاستی ستراتیژیکدا گرنگە'

گەنجان لەبارەى چالاکییەکەوە راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، چالاکییەکەى ئەم هەفتەیان دەکەوێتە ٩هەمین ساڵی چالاکییەکەوە و لە ئاستی ستراتیژیدا گرنگە.

زولفو بینگۆل ئەندامی کۆمیتەى ئامادەکاری چالاکیی ئێشکگریی ئازادی رایگەیاند، گەلی کورد ماوەى ٨ ساڵە بە فیداکارییەکى گەورەوە خاوەنداری لە چالاکیی ئێشکگریی ئازادی دەکات و لە ئێستاش بە دەواوە بە هەمان پێداگرییەوە درێژە بە چالاکییەکە دەدرێتەوە.

بینگۆل راشیگەیاند، کوردانی ئەوروپا تاوەکو ئازادیی ئۆجالان بە پێداگرییەوە درێژ بە چالاکییەکەیان دەدەن.

٨ ساڵە چالاکییەکە بە بێ راوەستان بەردەوامە

ئێکشگریی ئازادی لە ناوچەیەکەدا، کە دام و دەزگا و رێکخراوەکانى ئەنجوومەنى ئەوروپا، کۆمیتەى رێگریکردن لە ئەشکەنجەنە (سی پی تی) و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای تیادایە، لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە دەستیپێکردووە. چالاکییەکە هەر هەفتەیەک لەلایەن دەستەیەک لە وڵاتپارێزان و نوێنەرانی رێکخراوە کوردییەکان لە ئەوروپا بەڕێوەدەبرێت. هەفتەیەکیش جارێک ژنانی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا) بەشداری چالاکییەکە دەبن.

لە چوارچێوەى چالاکییەکەدا لەبارەى فیکر و رامانی ئۆجالانەوە گفتوگۆ لەگەڵ سەدان هەزار کەس دا کراوە. هەروەها لە نێوان ٢٠١٤-٢٠١٥ دا لەسەر داوای ئۆجالان و لە چوارچێوەى هەڵمەتى ئیمزاکۆکردنەوەدا زیاتر لە ١٠ میلیون ئیمزا کۆکرابوونەوە.

ژ.ت