بارودۆخی تەندروستی پارێزەر تیمتیک خراپتر بووە، بە زەحمەت قسە دەکات

بارودۆخی ئەبرو تیمتیک پارێزەری زیندانیکراوی دەستی دەوڵەتی فاشیستی تورک، کە دەستی بە چالاکی رۆژووی مردن کردووە، خراپتر بووە. کێشی تیمتیک لە ئێستادا دابەزیوە بۆ ٤٣ کیلۆ و دوترێت بە زەحمەت قسە دەکات.

چالاکیەکەی پارێزەر ئەبور تیمتیک و ئایتاچ ئونسال کە دەستیان بە رۆژووی مردن (چالاکی مانگرتن لە خواردن تا مردن) کردووە بە مەبەستی دادگایەکی یەکسان، تا ئێستاش بەردەوامە. تیمتیک ماوەی ٢٠٤ رۆژ و ئونسالی هاوپیشەشی ١٧٣ رۆژە لە چالاکی رۆژووی مردندان.

بارودۆخی تەندروستی هەردووکیان خراپە. پارێزەرانی کۆمەڵەی مافناسانی هەمدەم و کۆمەڵەی مافناسانی ئازادیپارێز بۆ دیمۆکراسی، سەردانی ئەو دوو پارێزەرەیان کرد کە لە چالاکیەکەیاندا بەردەوامن.

شیعار ریشوان ئۆغلو ئەندامی کۆمەڵەی مافناسانی هەمدەم لە بارەی سەردانەکەیانەوە کە ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجام درا، رایگەیاند، کێشی تیمتیک دابەزیوە بۆ ٤٣ کیلۆ و تووشی چەندین نەخۆشی بووە.

ریشوان ئۆغلو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بە هۆی ئەوەی تووشی برینی قوڕگ بووە، تیمتیک بە زەحمەت قسە دەکات.

ز.ش