تورکیا سزای زیندانیکردنى بەسەر ٥ رۆژنامەنووسدا سەپاند

دەوڵەتى تورکیا سزای زیندانیکردنى بەسەر ئەو رۆژنامەنووسانەدا سەپاند، کە پشتیوانییان لە رۆژنامەى ئۆزگیور گیوندەم کردبوو.

بۆ پشتیوانیکردن لە رۆژنامەی ئۆزگیور گیوندەم، رۆژنامەنووسان کەمپەینێکیان بەڕێوەبرد و هەر رۆژنامەنووسێک بەپێى کەمپەینەکە دەبووە "بەڕێوبەرى گشتیى ئێشکگر" و نەیاندەهێشت رۆژنامەکە دابخرێت و پشتیوانیان لە بەردەوامیى رۆژنامەکە دەکرد. ئەو کەمپەینە کاتێک بەڕێوەچوو، کە دەوڵەتى تورک بەڕێوەبەرانى گشتیى رۆژنامەکەى زیندانیکردبوو.

دەوڵەتى تورک بە خێرایى سکاڵای لە دژی هەر یەک لە رۆژنامەنووسان عایشە دوزکان، حوسێن ئایکۆل، محەمەد عەلی چەلەبی، حوسێن بەکتاش و راغب دوران تۆمار کرد.

سکاڵاکە بە پاساوی ئەوەى ئەو رۆژنامەنووسانە "پڕوپاگەندەیان بۆ رێکخستن کردووە" لە دژی ئەو رۆژنامەنووسان تۆمارکرابوو.

بەپێى ئەو سکاڵایە سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیکردن بەسەر حوسێن ئایکۆل و سزای ساڵێک و ٦ مانگیش بەسەر هەر یەک لە رۆژنامەنووسیان حوسەین بەکتاش، محەمەد عەلی چەلەبی، عایشە دوزکان و راغب دوران سەپێنرا.

"دژ بە مافەکان نییە!"

پارێزەرانی ئەو رۆژنامەنووسانە لەسەر ئەو بڕیارەى دادگا لە لقی ٣ی دادگای تێهەڵچوونەوەى ئیستەنبول سکاڵایان تۆمارکرد. دادوەری ئەو دادگایە پێى راگەیاندوون، ئەو سزایەى بەسەر رۆژنامەنووسەکاندا سەپێنراوە سزایەکى دژ بە مافەکان نییە!.

ر.م