جموجوڵەکانی ئەمدواییەی داعش جێگای مەترسین

جموجۆڵی داعش لە عێراق جێگای مەترسییە و نیشانەکانی دوبارە خۆڕێکخستنەوەی ئەو هێزە دەرکەوتوە.

وەک ئاشکرایە ماوەیەکە هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە ناوچە جیاجیاکان ڕوبەڕوی گروپە تیرۆریستیسەکانی داعش دەبنەوە، زۆر جار بە شێوازی پارتیزانی دەردەکەون و گورزی بەهێز لە لایەنە ئەمنیەکان دەدەن.

لەم کاتەدا کە عێراق مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لەسەرە، ئەو هێزە ئەمریکیەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش لە ناوچەکە بون لە ئێستادا کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و شوێنەکانیان بە هێزەکانی عێراق ڕاسپارد.

 ئەم ڕوداوانە و ڕوداوی ئاژاوەنانەوەی چەتەکانی داعش لە زیندانەکانى ڕۆژئاوا و سوریا و هەڵهاتنی بەشێکیان و دوبارە خۆڕێکخستنەوەیان و هاوکاریکردنیان لە لایەن تورکیاوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر خاکی عێراق.

ئەو ناوچانەی لە ماوەی ڕابردودا گروپە تیرۆریستیەکانی داعش هێرشیان کردە سەری بریتین لە موسڵ، ئەنباڕ، کەرکوک، نەینەوا، مەخمور، خانەقین و ناوچە سنوریەکان کە دەکەونە نێوان سوریا و عیڕاق. ئەمەش ئەو ڕاستیە دەردەخات کە ڕێکخستنی تیرۆریستی داعش تاکو ئێستا لەو ناوچانە بونیان هەیە و لە ناوچەکە کۆتاییان پێنەهاتووە.

ئەوەی جێگای سەرنج و گومانە، کە لایەنە سیاسیەکان لە ناوچەکە هەست بە مەترسی دوبارە خۆڕێکخستنەوەی داعش دەکەن، بەڵام بێ دەنگن و هەوڵی جدی لەو بارەیەوە نادەن.

ژ.ت