حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا: دەبێت فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر بە ئۆپراسیۆنی دژ بە هەدەپە بێدەنگ نەبن

حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا (PCF) لە دژی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی بۆ سەر هەدەپە داوای لە یەکێتیی ئەوروپا و فەرەنسا کرد هەڵوێستی توند لە دژی تورکیا نیشان بدەن.

حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا راگەیاندراوێکى لە دژی ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی ئاکەپە – مەهەپە بۆ سەر هەدەپە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەردۆغان لە تورکیا گوشار دەخاتە سەر هەموو هێزە دیموکراتیکەکان، کە دژ بە دیکتاتۆری بەرەنگاری دەکەن.

راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر و زیندانیکراون. ئاکەپە دەستیگرتووە بەسەر زۆربەى شارەوانییەکانی هەدەپەدا و زۆربەی هاوسەرۆک شارەوانییەکانی لە ئەرکەکانیان دوورخستوەتەوە و سەڵاحەدین دەمیرتاش و چەندین پەرلەمانتاری تریشی زیندانیکردووە.

دەبێت فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی بکەن و بە پێداگرییەوە گەمارۆی بخەنەسەر

حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا لە راگەیاندراوەکەیدا داوای لە فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا کردووە، لە بەرامبەر ئەو رووداوەدا بێدەنگ نەبن و وتی "دەبێت فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا ئەو رژێمە مەترسیدارە ئیدانە بکەن و بە پێداگرییەوە و بەبێ دوودڵییەوە گەمارۆی بخەنەسەر".

حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا ئەوەشی وتووە، پشتیوانی هێزە دیموکراتیکەکان لە تورکیا و بۆ سەرکەوتنی دادمەندی و دیموکراسی و ئاشتی لە پاڵ هەدەپەدان.

ژ.ت