"دەبێت یەکێتیی ئەوروپا لە دژی کردەوەکانی ئەردۆغان بێدەگ نەبێت"

ئالاگیس یینانیس دالماس سکرتێری پاسۆک / کینیما لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی دژ بە هەدەپە پێچەوانەى هەموو یاسا و مافەکانە و راشیگەیاند "دەبێت یەکێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو کردەوانەى ئەردۆغان دا بێدەنگ نەبێت".

فەرمانگەی کاروباری ئەوروپای بزووتنەوەى گۆڕانکاری ناڕەزایەتیی لە دژی ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی بۆ سەر هەدەپە نیشان دا. ئالاگیس یینانیس دالماس سکرتێری پاسۆک / کینیما لە یەکێتیی ئەوروپا لەوبارەیەوە رایگەیاند، دەبێت یەکێتیی ئەوروپا لە دژی ئەو ئۆپراسیۆنانە کە هەموو یاسا و مافە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات سزا و گەمارۆ بەسەر تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک دا بسەپێنێت.

یینانیس دالماس راشیگەیاند، "گوشارە نوێکان بۆ سەر هەدەپە سەلمێنەری ئەوەن، کە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و سەوەریی یاسا بۆ حکومەتى تورک و تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک هیچ بەهایەکی نییە. لەو ٨٢ کەسە کە بە پاساوی رووداوەکانى ساڵی ٢٠١٤ دەستگیرکراون، بەڕێوەبەرانی هەدەپە، پەرلەمانتارانی پێشووی هەدەپە و هاوسەرۆک شارەوانیی قەرس-یان لە ناودایە. هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ماوەى ٤ ساڵە بەشێوەیەکى نایاسایی لە زینداندا راگیراوە.

بە ناوی بزووتنەوەى گۆڕانکارییەوە، ئێمەی سۆسیالیست و دیموکراتەکانی ئەوروپا بەبێ دوودڵی ئەو کردەوە میزاجیانە و دەسەڵاتپەرەستانەى رژێمی تورک ئیدانە دەکەین. دەبێت یەکێتیی ئەوروپا لە دژی ئەو کردەوە نایاساییانەى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بێدەنگ نەبێت. ئەو رێگرییانەی حکومەتی تورک لە دژی دیموکراسی، کە بەسەر گەلی تورکیادا دەیسەپێنێت و ئەو بێڕێزییانەی بە مافە نێونەتەوەییەکان دەکرێت، تەنها لە رێگەى سەپاندنی سزا و گەمارۆدانەوە دەتوانرێت رابوەستێنرێن".

ژ.ت