سەربازانى چەند وڵاتێک لە عێراق دەکشێنەوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە وڵاتانی فەرەنسا و چیک سەربازەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە و بەریتانیاش ژمارەى سەربازەکانى لە عێراق کەم دەکاتەوە و ئەمریکاش جوڵەى سەربازەکانى سنووردار دەکات.

سوپای فەرەنسا رایگەیاند، لە چوارچێوەى هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتى عێراق دا بڕیاریانداوە پرۆسەى راهێنانەکان بە شێوەى کاتى رابگرن.

ئاماژە بەوەشکراوە، فەرەنسا لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری داوە، هێزەکانى لە عێراق بکشێنێتەوە. بەپێی ئەو بڕیارە، فەرەنسا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی ئادار پرۆسەى کشانەوەى سەربازەکانى لە عێراق دەستپێدەکات و بە ١١ فڕۆکەى جۆری رافایل لە ئوردنەوە بەردەوامی دەدات بە بەشداریکردنی لە شەڕی دژ بەداعشدا.

هاوکات کۆماری چیک رۆژی سێشەمە بڕیاریدابوو، کە سەربازەکانى لە عێراق بەشێوەی کاتى بکشێنێتەوە. بەپێی ئەو بڕیارە ٣٠ سەربازی چیک لە عێراق دەکشێنەوە و هەر ئێوارەى سێشەممە ئەو سەربازانە بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ پراگی پایتەختی وڵاتەکەیان.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژ بە داعش لە چوارچێوەى پلانى راهێنانى هێزە ئەمنییەکانى عێراقدا ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراقدا هەیە. لە سەرەتای ماگی ئادارەوە بڕیاری دابوو پرۆسی راهێنان لە عێراق رابگرێت.

بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى رایانگەیاند، دواى ئەوەى قەیرانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی پێهات دووبارە دەستدەکەنەوە بە راهێنانی هێزە ئەمنییەکانى عێراق.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بەریتانیا بڕیاریداوە بەشێک لە سەربازەکانى لە عێراق بکشێنێتەوە و بڕیاریشی داوە، پرۆسەى راهێنان بە هێزەکانى عێراق بۆ ماوەى ٦٠ رۆژ رابگرێت.

هەروەها سوپای ئەمریکا بڕیاریداوە بۆ پاراستنى سەربازەکانیان لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا جوڵەى سەربازەکانیان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئاسیا و ئەوروپا سنووردار بکەن.

ژ.ت