سەرۆک شارەوانیى زوریخ: دەبێت کشاناک و زیندانییە سیاسییەکانى تر ئازاد بکرێن

کۆرین ماوخ سەرۆک شارەوانیى زوریخ داوایکرد، گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد و هەموو زیندانییە سیاسییەکان لە تورکیا ئازاد بکرێن.

لە شاری زوریخی سویسرا بۆ ئازادیى گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد چالاکیى ئێشکگری ئەنجامدرا.

هەر یەک لە کۆرین ماوخ سەرۆک شارەوانیى زوریخ، مارکۆ دەنۆس پەرلەمانتاری پارتى سۆسیال دیموکرات (SP) لە زوریخ، مارکوس کونز سەرۆکى فراکسیۆنى حیزبی سەوز (Grune)، ئاندریاس کریستین سەرۆک فراکسیۆنى ئەلتەرناتیڤ لیست (AL)، ئۆرس سینگەر سەرۆکی دەستەى هەماهەنگیى پردی برایەتیى زوریخ – ئامەد، پەرلەمانتارانى پەرلەمانى زوریخ، نوێنەرانى ئەنجوومەنى ژنانى بێریتان، مەدیکۆ – ئینتەرناشیناڵ – سویسرا، سۆلیفۆندس و دەیان کەسایەتى بەشداریى چالاکییەکە بوون.

کۆرین ماوخ سەرۆکی شارەوانیی زوریخ لە چالاکییەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، دەبێت سەرەتا گوڵتان کشاناک و هەموو زیندانیانى سیاسی ئازاد بکرێن.

ماوخ راشیگەیاند "٢ ساڵ لەوە پێش ئێمە لە شارەوانیى زوریخ میوانداریمان لە گوڵتان کشاناک و فرات ئانلی هاوسەرۆک شارەوانییەکانى ئامەد کرد. لەو سەردان و میواندارییەدا شیاوی و ئاستەبەرزیى پێشەنگانە و دەستەبژێرانە، ئازایەتى و دڵسۆزیى بەڕێز کشاناک بۆ دیموکراسی کاریگەرییەکى زۆری لەسەرم دروستکرد. بە داخەوە ماوەیەکى کورت لە دواى ئەو سەردانە بەڕێزان کشاناک و ئانلی و چەندین نوێنەرى یاسایى بەرەی چەپی دیموکراتیک و گەلی کورد دەستگیرکران. ئەوەى کە روویدا و ئێستاش روودەدات تاوانبارکردنێکى بەدوورە لە عەقڵ و ئاوەز. سیستمى یاسایى تورکیا منى خستووەتە ناو ترس و گومانێکى زۆرەوە".

هەموو رۆژانى چوارشەممە چالاکیى ئێشکگری لە زوریخ ئەنجام دەدرێت

ماوخ لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتی، بۆ ئازادکردنى کشاناک هەرچییەکیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن و وتیشی "بەڕێز کشاناک و ئانلی بە هەڵوێستە دیموکراتیک و کارەکانیان کە بۆ وڵاتەکەی خۆیان ئەنجامیانداوە، بوونەتە سیاسەتمەدارى نمونەیى بۆ تورکیا. دەوڵەتی یاسا، دیموکراسی، ئیرادەى ئازاد و مافی خۆبەڕێوەبردن کە هاوپیشەکەى من بەڕێز کشاناک داکۆکیى لێدەکردن، هەمان بەها و نرخەکان و تێکۆشانەکەى منن. هیوادارم کشاناکی هەڤاڵم ئازاد بکرێت و وەک سەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد لە ئامەد یەکتر ببینین. داواکاریى من روونە، ئازادی بۆ گوڵتانی هەڤاڵم! بۆ ئەو تێکۆشانە بە شکۆ و کەرامەتدارانەیەی ئەنجامیداوە، من داواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازم".

ئەو سیاسەتمەدارانەى کە دواى ماوخ وتەیان پێشکەشکرد رایانگەیاند، ئەو دەستگیرکردنانە لە دژی هەڵبژاراوانى گەل دیلگرتن و بارمتەگرتنە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریى ئەو دۆخە دەکەین.

ئەوەشیان وت، تاوەکو پێشەنگەکانى گەلی کورد لەو بە دیلگرتنە ئازاد دەکرێن، ئێمە درێژە بە تێکۆشانەکەمان بۆ ئازادییان دەدەین.

باسی ئەوەشیانکرد، هەموو رۆژانى چوارشەممەی سەرەتاى هەموو مانگێک بۆ ئازادیى زیندانییە سیاسییەکانى تورکیا چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادییان ئەنجام دەدەن.

ر.م