'لە ساڵیادی رێککەوتننامەی لۆزان دا گەمارۆی سەر مەخمور ئیدانە دەکرێت'

کوردانی دانیشتوی ئەوروپا لە ٩٧هەمین ساڵیادی رێککەوتننامەى لۆزان دا گەمارۆی سەر کامپی مەخمور ئیدانە دەکەن.

کوردانی دانیشتوی ئەوروپا لە ٩٧هەمین ساڵیادی رێککەوتننامەى لۆزان دا گەمارۆی سەر کامپی مەخمور ئیدانە دەکەن.

دەستەى هاوسەرۆکایەتیی کەجەدەکە ئەوروپا داوایان لە هەمووان کرد بەشداری چالاکییەکانی رۆژانی ٢٤-٢٥ی تەممووز ببن، کە بە بۆنەى ٩٧هەمین ساڵیادی رێککەوتنی لۆزانەوە رێکدەخرێن. لە چالاکییەکاندا گەمارۆی سەر کامپی مەخمور ئیدانە دەکرێت.

لە راگەیاندراوی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەى کۆمەڵگەی دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا) دا هاتووە "لە ٢٤ – ٢٥ی تەممووز و لە ساڵیادی رێککەوتننامەى لۆزاندا، کە بووە هۆی پارچەکردنی کوردان، ئێمە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور ئیدانە دەکەین.

لە ٩٧هەمین ساڵیادی رێککەوتننامەى لۆزان دا، کە لەسەر دەستی هێزە نێونەتەوییەکان کوردستان بە شێوەیەکى فەرمی کرا بە چوار پارچە، کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە دژی گەمارۆی سەر کامپی مەخمور رێپێوانی ئیدانەکردن بەڕێوەدەبەن.

لە چالاکییەکەدا داوای پاراستنی یاسایی کامپی مەخمور دەکرێت کە کامپەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک کامپی پەنابەرانی سیاسی قبوڵ کراوە.

بەهۆی رێککەوتنی لۆزانی قڕکەرەوە، کە پەڵەیەکى رەش و شەرمە بە ناوچاوانى مرۆڤایەتییەوە لە سەدەی ٢٠ دا، گەلی کورد لە هەموو پارچەکان بێ پێگە کرا. دەستبەسەرداگرتنی خاکی گەلی کورد، لەناوبردنی کەلەپور و بەها هونەری و رۆشنبیرییەکان لە رێگەى ئەو رێککەوتنەوە بە شێوەیەى فەرمی ئەنجامدران.

وڵاتە داواکەوتووە ناوچەییەکان و دەوڵەتى تورکی قڕکەر ئەو رێککەوتنەیان بۆ خۆیان وەک پاراستنێکى یاسایی دەبینن و لە سایەیەدا لە سەدەی ٢١ یشدا کۆمەڵکوژکردن و زوڵمکردن لە کوردان بەردەوامی پێ دەدەن.

بەهۆی گەمارۆی سەر کامپی مەخمور زیانی ئابووری بە هەزاران کەس گەیشتووە. هێزەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) رێگا نادەن مرۆڤەکانی ناو کامپەکە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان بڕۆن بۆ شوێنەکانی تر. هەروەها لەبەر چەتەکانى داعش کە تا ئێستاش لەو ناوچەیەدا مەترسین، گەل ناتوانێت ئاژەڵداریش بکات.

گەمارۆی کامپی مەخمور لە زیاتر لە ١٠ مانگە بە چڕی بەردەوامە لە هەموو روویەکەوە گەلی مەخموری خستووەتە دۆخێکى مەترسیدارەوە.

هێرشە ئاسمانییەکانى دەوڵەتى تورکی قڕکەر بۆ کامپی مەخمور بەردەوامییان هەیە و بە هۆی ئەو هێرشانەوە  دەیان کەس بریندار بوون و چەند کەسێکیش شەهید بوون.

سەرباری ئەوەى کامپەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک کامپی پەنابەرانی سیاسی قبوڵکراوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا بێدەنگی و کەمتەرخەمی هەیە. هەم نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم حکومەتى ناوەندیی عێراق تاوەکو ئێستا لە دژی گەمارۆ و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک ناڕەزایەتییان نیشان نەداوە.

ئەگەر گەلی مەخمور نەبێت بە خاوەنی ئاسایش و پێگەیەک، بێگومان مەترسیی گەورە لەسەریان هەیە و دەشبێت. لەبەر ئەوەش دەبێت بە خێرایی کامپی مەخمور ئاسایش و پاراستنی بۆ دابین بکرێت و لە مەترسییەکان بپارێزرێت.

رێپێوانە ٢ رۆژییەکە لە ٢٤ی تەممووز لە شاری جنێڤ لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێدەکات و ٢٥ی تەممووز لە بەردەم ئەو بینایە کە رێککەوتننامەى لۆزانی تیادا واژۆ کرا کۆتایی پێدێت. ئێمە گەمارۆی سەر کامپی مەخموور و هەڕەشەکانی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى دەوڵەتى تورک ئیدانە دەکەین. ئێمە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە بە ئەرکی خۆیان هەستن".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا داوا لە هەموان کراوە بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن و لە کاتژمێر ١٣:٠٠ ی رۆژی ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٠ لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ کۆببنەوە.

ژ.ت