لە سەرتاسەری عێراقیش قەدەغەی هاتوچۆ راگەیێندرا

بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی عیڕاق بە هۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەر ١٨ پارێزگاکەی عێراق لە ئەمڕۆوە تا ٢٨ی ئازار قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند.

بە پێی بڕیارێکی لیژنەی قەیرانەکانی وەزراەتی تەندروستی عێراقی هاتوچۆ لە سەرتاسەری عێراق بە تەواوەتی قەدەغە کراوە، هاوکات خوێندنگاکان، زانکۆکان و فڕۆکەخانەکانیش تا ٢٨ی ئەم مانگە داخراو دەمێننەوە.  

بە پێی لێدوانە فەرمیەکان، تا ئێستا لە عێراق ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٢٣٣ کەس، بەلام بە پێی ئامارە نافەرمیەکان ژمارەی تووشبووان زۆر زیاترە.

لەم نێوەندەدا ئەوەی جێگای تێڕامانە، لەگەڵ ئەوەی بە پێی رێنمایەکان دەبێت هەموو کەسێک خۆی لە هەر جۆرە قەرەبالغیەک بپارێزێت، بەڵام موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کردووە، بە جەماعەت نوێژەکانیان بکەن و بە کۆمەڵ سەردانی گۆڕستانەکان بکەن، هەر بۆیەش وەزارەتی تەندروستی عێراق پەیامێکی بۆ سەدر ناردووە و تێیدا رایگەیاندووە، لە بارەی مەترسیەکانی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، با هۆشداری بدات بە لایەنگرانی و لە بەرامبەر ئەم بابەتە بە هەستیاری بجۆڵێتەوە.

ز.ش