هاوسەرۆکی شارەوانی گێلێ دوای دەستگیرکردن، رەوانەی زیندان کرا

مستەفا ئاککول هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی گێلێ دوای ئەوەی دەستگیر کرا، بە بیانووی 'ئەندامی رێکخستنە' رەوانەی زیندانی کرا.

هاوکات جگە لە ئاککول، هەر یەک لە هاوسەرۆکی شارەوانی فارقین و هاوسەرۆکی شارەوانی لجە سزای قەدەغەی سەردانکردنی دەرەوەی وڵات، تا ئەو رۆژەی لێپرسینەوەکەیان تەواو دەبێت، سزای زیندانی ماڵەوەیان بەسەردا سەپێندرا.

ناشیدە تۆپراک هاوسەرۆکی شارەوانی فارقین، تاریق مەرجان هاوسەرۆکی شارەوانی لیجێ و مستەفا ئاککول هاوسەرۆکی شارەوانی گێلێ کە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە و قەیوم لە پۆستەکانیان جێگیر کران، دوای کۆتاییهاتنی کاروباریان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەکانیان، رەوانەی دادگای ئامەد کران.

دوای وەرگرتنی وتەیان، بە بیانووی 'ئەندامی رێکخستنن' هەر سێکیان رەوانەی دادگای سزای سوڵح کران.

دادگا، سزای زیندانی ماڵەوە و قەدەغەی سەردانی دەرەوەی وڵاتی بەسەر هەر یەک لە تۆپراک و مەرجان دا سەپاند، تا ئەو رۆژەی لێپرسینەوەکەیان کۆتایی پێدێت.

هاوکات بە بیانووی 'ئەندامی رێکخستنە' مستەفا ئاککول هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی گێلێ رەوانە زیندان کرا.

ز.ش