هەدەپە دەیەوێت ٧٥%ى دەنگەکانى وان بەدەست بهێنێت

هەدەپە لە هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیراندا لە وان ٧٤.٨٢% ى دەنگەکانى بەدەستهێنا و ئێستا دەیەوێت لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا سەدا ٧٥ى دەنگەکانى پارێزگاى وان بە دەست بهێنێت.

لە شاری وان سەزاى تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە پاڵێوراوە. هەدەپە بۆ ئەوەى هەدەپە هەر ٨ پەرلەمانتارەکەى وان رەوانەى پەرلەمان بکات، لە هەوڵ و تێکۆشانى بەردەوامدایە. ئاکەپە بە ناردنى ٢ پەرلەمانتار لە وانەوە رازییە، بەڵام سەربارى ئەوەش هەدەپە بڕیاریداوە "ئاکەپە لە وان بکاتە حیزبى سەر پۆستەر و کاغەز".

وان یەکێک لەو شارانەیە، کە پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ تیایدا خاوەن ئیرادە و بڕیارە بۆ سەرکەتن. هەدەپە لە هەڵبژاردنى ٧ى حوەزیرانى ٢٠١٥دا ٧٤.٨٢%ی دەنگەکانى بەدەستهێنا. ئاکەپەش ١٩.٣٨%ى دەنگەکانى ئەو پارێزگایەى بە دەستهێنابوو. هاوکات لەگەڵ راگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ و بارى نائاسایى لە کوردستان و شارى واندا، هەدەپە لە هەڵبژاردنى ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا، رێژەى ٦٥.٥%ى دەنگەکانى بە دەستهێنا و ئاکەپەش رێژەى ٣٠%ى دەنگەکانى برد.

پاڵێوراوانى هەدەپە لە وان بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران، سزاى تەمەلی هاوسەرۆکی گشتیى هەدەپە، بەدیعە ئۆزگۆکچە، موراد سارساچ، موعەزەز ئۆرهان، تەیب تەمەل، جەنگیز چیچەک، موقدەس کاراکۆچ و ئاسومان یەلمازەرن.

لە وان قەیوم، پارێزگار و قەیومەکانى ئاکەپە لە هەموو شار و شارۆچکەکان، وەک سەرۆکى ئاکەپە لە شارەکاندا کار و بانگەشە بۆ ئاکەپە دەکەن. هاوکات گوشار، هەڕەشە، تێکدان و پەلاماردان، دەستگیرکردن و زیندانیکردن بە بەردەوامى بەرامبەر بە گەلی وان بەڕێوەدەبەن.

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى تورکیا لەسەر داواى پارێزگارى وان سندوقەکانى دەنگدانی هاووڵاتیانى وانى گواستەوە، ئەوەش یەکێک لە فرتوفێڵەکانى ئاکەپە بوو بۆ هەڵبژاردنەکان. لەو فرتوفێڵەیاندا ٢٢٤ سندوقی دەنگدان لە ئەبخێ، شاخ، وستان، پایزئاڤا، بێگرێ، قەلقەلی، سارای، ئەلباک و باخچەسەرای گواسترانەوە بۆ ئەو ناوچانەى کە خۆیان پێى دەڵێن "ناوچەى ئارام". ئەو سندوقانە لەو ناوچانە گواستراونەتەوە، کە زۆرینەى دەنگدەرەکانى ئەو ناوچانە دەنگدەرى هەدەپەن. سندوقەکانیان بردووە بۆ ئەو گوندانە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی جاش و جەردەوانەکاندایە. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بەلانیکەمەوە زیان بە ٥٠ هەزار دەنگى هەدەپە بگەیەنن.

لەو شارانەدا کە لەم سێ ساڵەى رابردوودا ئازاری زۆرى گەل دراوە، ئۆتۆمبێلى زرێپۆش و پۆلیس بە چەکەوە لەسەر شەقامەکان و کۆڵانەکان راوەستان و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن. هەموو شەقامەکان و هەموو ناوچەکان لە هەدەپە قەدەغەکراوە. ئاکەپە و مەهەپەش هەموو شوێنێکیان خراوەتە بەردەست و بە دڵی خۆیان و بەبێ رێگری و بە هاوکاری و ئاسانکاریى پۆلیس و جەندرمە، بانگەشەى هەڵبژاردن دەکەن.

هاوپەیمانى ئاکەپە لەگەل مەهەپە لایەنگرانى ئاکەپەى بێزارکردووە

ئاکەپە دەیەوێت لە کۆى ٨ پەرلەمانتارى شارى وان ٢ پەرلەمانتار رەوانەى پەرلەمان بکات. عوسمان نوری گیولاچار، کە پێشتر بەهۆى ئەندامبوونى لە قاعیدەدا دەستگیر و زیندانیکرابوو کاندیدی ژمارە یەکى هاوپەیمانیى ئاکەپە و مەهەپەیە بۆ شارى وان. ئەو هاوپەیمانییەش بێزارییەکى زۆرى لەناو لایەنگرانى ئاکەپەدا دروستکردووە. یەکێک لەو ئاماژە زەقانە، کە نیشانەى دۆڕاندنى ئاکەپەیە لە وان، کۆبوونەوەى بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانى ئاکەپە بوو لە وان بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن. تەنها ٥ هەزارکەس لەو  کۆبوونەوەیەی سەرۆک وەزیراندا بەشدارییان کردبوو.

دەدە: ئاکەپە دەبێتە حیزبى سەر پۆستەر و کاغەز

ئومید دەدە هاوسەرۆکى هەدەپە لە وان رایگەیاند، وان یەکێک لەو شارانەیە، کە بەهۆى سیاسەتەکانى ئاکەپەوە زۆرترین زیانى بەرکەوتووە. لەو بارەیەوە وتى "بە تایبەت لە ساڵانى ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا دەیان کەس لە وان بە بێ دادگایکردن و لە دەرەوەى یاسا و بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى دیار بێت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تیرۆر کران. لەو ماوەیەدا پۆلیس ٦ جار هەڵیکوتایە سەر بارەگاکانى هەدەپە و دەبەپە. ئاکەپە لە وان گەمارۆى خستووەتە سەر شارەکە و هاووڵاتییەکانى.ئەوانەش بوونەتە هۆى ئەوە، کە ئاکەپە لە وان دەبێت بە حیزبێک کە تەنها لەسەر پۆستەرەکان و لەسەر کاغەزەکاندا بمێنێتەوە. بۆ هاتنەدیى ئەوەش دەبێت، هەر ٨ پەرلەمانتارەکەى هەدەپە لەلایەن ئەم گەلەوە رەوانەى پەرلەمان بکرێن".

رۆژى سزادان و لێپرسینەوەیە

فوئاد توگوت دەنگدەری هەدەپە رایگەیاند "لەم هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگى خەڵکى وان بۆ هەدەپە دەبێت، چونکە گەلەکەمان هۆشیارە و ئاگاداری رووداوەکانە. ئەو رۆژەى کە چاوەڕێى دەکەین خەریکە نزیک دەبێتەوە. رۆژی ٢٤ى حوزەیران نەک تەنها هەڵبژاردن، بەڵکو هاوکات رۆژی لێپرسینەوەیە و گەل سزایان دەدات".

هاتووم پشتیوانى لە هەدەپە بکەم

لە دواى ئەوەى ئاکەپە لە شاری وان لە شوێنى هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپە قەیومى دانا و دەستى بەسەر شارەوانییەکاندا گرت، زیائەدین دیرەک وەک چەندین کەسى تر لەسەر کارەکەى دەرکرا. زیائەدین وتى "ئاکەپە نەک تەنها زیانى بە من گەیاند، بەڵکو زیانى بە هەموو کەس گەیاندووە. دەیانەوێت لە رێگەى برسیکردنەوە خەڵک ملکەچى خۆیان بکەن. ئێمە چۆن تا ئێستا ملمان دانەنەواندووە، لە ئێستا بە دواوەوەش ملیان بۆ نەوی ناکەین. من بۆ کارکردن چووبووم بۆ شارەکانى تورکیا، بەڵام ئێستا بۆ ئەوەى پشتیوانى لە هەدەپە بکەم، هاتوومەتەوە بۆ وان و سەرقاڵی کارکردنم بۆ سەرخستنى هەدەپە".

دەبێت خاوەندارى لە سندوقەکان بکەین

سعادەدین شەن-یش رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا سەردەکەوێت. راشیگەیاند "ئەگەر ئێمە کار بکەین و بتوانین هاووڵاتیان رەوانەى سەر سندوقەکانى دەنگدان بکەین و لە دواى ئەوەش خاوەندارى لە سندوقەکانى دەنگدان بکەین، ئەوە بێگومان کۆتایى بە زوڵم و زۆردارى دێت".

ر.م