هەدەکە: نەورۆز بونیاتنانی ژیانە لەسەر بنەمای یەکسانیی کۆنفیدراڵیی کۆمەڵگەکان

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە - HDK) جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد و رایگەیاند، زیاتر و بەهێزتر تێکۆشان و ئەرکی خۆیان بۆ بونیاتنان بەجێدەهێنن.

دەستەى بەرێوەبەریی هەدەکە بە بۆنەی هاتنى نەورۆزەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە جۆش و خرۆش و ئیرادەیەکى بەهێزی تێکۆشانەوە پێشوازی لە نەورۆزی ٢٠٢٠ دەکەن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "نەورۆز هاوکات هەوڵوەشاندنەوەى دەسەڵاتی زوڵم و بونیاتنانی ژیانە لەسەر بنەمای یەکسانیی کۆنفیدراڵیی کۆمەڵگەکان".

هەدەکە رایگەیاندووە، نەورۆزی ٢٠٢٠ لە دژی شەڕ، زوڵم، نایەکسانی، گوشار و زیندانیکردن لە هەموو کات زیاتر دەبێتە دەنگی ئازادی و تێکۆشان و راشیگەیاندووە "بڕیاری گەلانمان لە دژی سیاسەتى ئینکار و سڕینەوە، پێداگری بۆ ژیانێکى نوێ و ئازاد بەردەوامیی دەبێت".

لە راگەیاندراوەکەى هەدەکەدا باسی گۆشەگیریی قورسی سەر ئیمراڵی کراوە و ئاماژە بەوەشکراوە، نەورۆزی ٢٠٢٠ دەبێتە ئیرادەی بەهێزکردنی تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری.

ئەوەش خراوەتەڕوو "لەم کاتەدا کە ئێمە پێشوازی لە نەورۆزی ٢٠٢٠ دەکەین، ئازادی لە هەموو کات زیاتر لێمانەوە نزیکە و رایدەگەیەنین، ئێمە بەو هۆشمەندییەوە زیاتر تێکۆشان و ئەرکی خۆمان بۆ بونیاتنانەوە بەجێدەهێنین".

ژ.ت