پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر دایکانی شەمە و ژمارەیەکیان بە ئەشکەنجەوە دەستگیرکرد

دایکانی شەممە لە ٨٠٠ هەمین هەفتەى چالاکییەکانیاندا خواستیان بڕۆن بۆ گۆڕەپانی گاڵاتاسارای بۆ داوای روونکردنەوەى چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان و دادگایکردنی بکوژەکان, بەڵام بە ئەشکەنجەوە ژمارەیەکیان دەستگیرکران.

دایکانی شەممە لە چوارچێوەى تێکۆشانیان بۆ "روونکردنەوەى چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان و دادگایکردنی بکوژەکان" خواستیان لە ٨٠٠هەمین هەفتەى چالاکییەکانیاندا بڕۆن بۆ گۆڕەپانی گاڵاتاسارای. پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە پشتیوانیان لە دایکان کرد. لەبارەى رێگریکردن لە دایکانی شەممە بەشداربوانی چالاکییەکە لە بەردەم بارەگای لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئیستەنبول کۆبوونەوە. بۆ ماوەیەک لە نێوان بەشداربوان و چالاکوانان و پۆلیس دا گرژی روویدا، بەڵام پۆلیس بە پێداگریکردن و بە قەڵغان رێگرییان لە چالاکییەکە کرد و رێگای نەدا بڕۆن بۆ گۆڕەپانەکە.

حەنیفە یڵدز دایکی موراد یڵدز کە بێسەروشوێنکراوە، هەوڵیدا گوڵ لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای دانێ، بەڵام پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەری و لە گۆڕەپانەکە دووریان خستەوە.

پیاوی شەمە یاشار ئاکسوو کە ناڕەزایی دەربڕی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

ماسیدە ئوجاک خوشکی حەسەن ئوجاد کە ئەویش بێسەروشوێن کراوە و حەسەن کاراکۆچ برای ڕیدڤان کاراکۆچ کە جەنازەکەی دۆزرابووەوە ڕایگەیاند، دەست لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای بەرنادەن و گوڵەکانی دەستی لە گۆڕەپانەکە دانا. پۆلیسی تورک حەسەن کاراکۆچ و ماسیدە ئوجاکیشیان دەستگیرکرد.

لەگەڵ هەموو ڕێگریەکانیش بوڵدان و سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە گۆڵیان لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای دانا. لەسەر ناوی دایکانی شەمە پەروین بوڵدان قسەی کرد.

ف.ق