کوردانی دەرەوەی وڵات رژانە سەر شەقامەکان و دەوڵەتی تورکیان رسوا و شەرمەزار کرد

لە شاری هێلسنکی پایتەختی فیلەندا و تولوسی فەرەنسا و بروکسەلی پایتەختی بەلجیکا و بورلانگی سوید و دورتموندی ئەلمانیا، کوردستانیان رژانە سەر شەقامەکان و هێرشە قڕکەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان رسوا و شەرمەزار کرد.

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و کەمپی پەنابەرانی روستەم جودی (مەخمور) و ناوچەی شەنگال، لە لایەن کوردستانیانی دەرەوەی وڵاتەوە بە چالاکی جۆراوجۆر ئیدانە دەکرێت.

هێلسنکی

لە شاری هێلسنکی پایتەختی فیلەندا بە چالاکیەک لە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و مەخمور و شەنگالی پرۆتستو کران. لە چالاکیەکەدا پەیامی ئەوە درا بە گوێی وڵاتان کە ئەوەی داعشی تیرۆرست نەیتوانی بیکات، ئەردۆغان دەیەوێت بیکات.

تولوس

لە شاری تولوسی فەرەنساش چالاکیەک لە بەردەم باڵەخانەی پاریزگاری شارەکە بەڕێوە چوو، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک رسوا و ئیدانە کران و لەم بارەیەوە بەرپرس و بەڕێوەبەرانی شارەکە ئاگادار کرانەوە.

بروکسەل

لە بروکسەلی پایتەختی بەلجیکاش بە پێشەنگی تەژەکە-ئەوروپا لە بەردەم کۆنسولخانەی دەوڵەتی تورک لەو شارە، چالاکیەک بەڕێوە چوو. لە چالاکیەکەدا پۆستەرەکانی ئۆجالان و ئاڵاکانی تەژەکە-ئەوروپا و یەپەژە بەرز کرانەوە و پانکارتی 'بەلجیکا تا کەی لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک بێدەنگ دەمێنێت؟' بەرز کرایەوە.

بورلانگ

کوردستانیانی شاری بورلانگی سویدیش گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دەوڵەتی تورکیان رسوا کرد. کوردستانیان بانگەوازیان بۆ ئەنجامدانی چالاکی بەردەوام و جۆراوجۆر کرد. لەو چالاکیەدا دروشمی 'تیرۆرست ئەردۆغان، ون بە لە کوردستان' و 'دەوڵەتی بکوژ' وترانەوە.

دورتموند

لە شاری دورتموندی ئەلمانیاش بە بەشداری نزیکەی ١٥٠ کەس چالاکیەک بەڕێوە چوو، دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'بکوژ ئەردۆغان، ون بە لە کوردستان' وترانەوە و هێرشە قێزەوەنەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بە توندی رسوا و شەرمەزار کران.

ز.ش