یادی رۆناهی و بێریڤان لە مانهایمی ئەڵمانیا بەرز راگیرا

بێریڤان و رۆناهی ٢٦ ساڵ لەوە پێش لە نەورۆزدا لە دژی قەدەغەى سەر پەکەکە  لە ئەڵمانیا ئاگریان لە جەستەى خۆیان بەردا. لە نەورۆزی ئەمساڵدا لە مانهایمی ئەڵمانیا یادیان بەرز راگیرا.


پلان دانرابوو بەشیوەى جەماوەری یادی بێریڤان و رۆناهی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یادکردنەوە جەماوەرییەکە هەڵوەشێنرایەوە.

نوێنەرانی ئەنجوومەنى گەل لە مانهایم و ئەنجوومەنى ژنانی رۆناهی – بێریڤان لەو شوێنەدا، کە ئەو ٢ بەرخودێرە ئاگریان لە جەستەیان بەردابوو، خولەکێک بێدەنگی و رێزگرتنیان ئەنجامدا. لە شوێنى شەهیدبوونەکەیان چەپکە گۆڵیان دانا و وتە بۆ یادیان پێشکەشکرا.

نوێنەران وتیان "سەرباری هەموو رێگرییەکان و لە هەموو کاتێکدا بەشێوەى سەمبولیک خاوەنداری لە تێکۆشان و شەهیدان دەکەین و چالاکی بۆ بەرز راگرتنى یادیان ئەنجام دەدەین".

بەدرییە تاش (رۆناهی) و نیگون یڵدرم (بێریڤان) لە نەورۆزی ١٩٩٤دا لە ئەڵمانیا، لە دژی گوشارە سیاسییەکان و قەدەغەى دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ سەر پەکەکە ئاگریان لە جەستەیان بەردا و لە پێناو دۆزی ئازادیی گەلی کورددا شەهید بوون.

ژ.ت