بە دیمەن

دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی ژنێک بە پاساوی پابەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملێ

ژنێک لە تاران بە هۆی ئەوەی پابەندی حیجابی زۆرەملێ نەبووە، بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستگیرکرا.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت ژنێکی گەنج لە تاران بە بیانووی ئەوەی ملکەجی حیجابی زۆرەملێ نەبووە، لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەستگیر دەکرێت.

ئەو گرتەیە لە ناوچەی سەعادەت ئابادی تاران تۆمارکراوە و وەک دەبینرێت هێزەکانی دەوڵەت کە بە پۆلیسی ئەخلاق ناسراون بەو پەڕی توندوتیژیەوە ئەو ژنە گەنجە دەستگیردەکەن.

دیمەنەکە چۆنێتی دەتسگیرکردنی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لە تاران بە بیر دەهێنێتەوە، دوای ئەوەی لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیرکرا، بە هۆی ئەشکەنجەوە کەوتە دۆخی کۆما و پاش سێ رۆژ لە ١٦ی ئەیلولدا گیانی لەدەستدا.

گیانلەدەستدانی ژینا بووە سەرەتای سەرهەڵدانێکی گەورە کە بە "سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی" ناسرا و سەرباری سەرکوتی خوێناویش، تائێستا ناڕەزایەتیەکان بە شێوەی جیاجیا بەردەوامن و ژنان وەک نافەرمانیەکی مەدەنی بۆ رەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ بە بێ سەرپۆش لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەوێت.

دەسەڵاتدارانی ئێران لە رێگەی توندکردنەوەی یاساکان و کاراکردنەوەی پۆلیسی ئەخلاق هەوڵدەدەن بەرەنگاری ئەو جوڵە مەدەنیەی ژنان ببنەوە و لە رۆژانی رابردوودا چەندین هەواڵ و دیمەن لەبارەی توندوتیژی هێزەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە ژنان بڵاوکراوەتەوە.

هـ . ب