هۆشداری دەدرێت دەربارەی لەسێدارەدانی ٨ بەندکراو لە ئێران

ئاژانسی «هرانا» تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، هۆشداری دەدات سەبارەت بە هەڵبەستنی تۆمەت دژی هەشت بەشداربووی ناڕەزایەتییەکانی وڵات لە شاری ئییزە لە خوزستان، وەک ئامادەکارییەک بۆ لەسێدارەدانیان.

ئاژانسی «هرانا» تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هۆشداری دەدات سەبارەت بەوەی دادگا بەتەمایە تۆمەت هەڵبەستێت دژی هەشت کەس لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە شاری ئییزە لە خوزستان بەمەبەستی لەسێدارەدانیان.

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەی ئاماژەی بەوە کرد ئەم بەندکراوانە ئێستا لە زیندانی شیبان دان لە ئەهواز، ئەوانیش «بەهمەن بەهمەنی، موحسین ئەحمەدپوور، بەهروز سەلحشور، ڕەسوڵ بەداغی، وەحید عەباسی، ڕەزا عەرەبپوور، سادق قاسمی، ئیسماعیل موسوی».

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە حاڵەتەکە ڕایگەیاند، ئەم بەندکراوانە بەم دواییانە تۆمەتبارکراون لە پرسێکی هاوبەش لەلایەن لقێکی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی داواکاری گشتی شاری ئییزە، پاش ئەوەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەلایەن هەواڵگریی سوپای پاسداران دەستگیرکران.

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، سەرەڕای لەسێدارەدانی چوار خۆپیشاندەری ناڕەزایەتییەکانی وڵات دژی دەسەڵاتی ئێرانی بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینییەوە، کەچی هێشتا زیاتر لە ١٠٠ بەندکراوی تر لەبەردەم هەڕەشەی سزای لەسێدارەدانن.

ف.ق