دەقی پەیامی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە بەم پێوەیەیە:
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتمەداری نیشتمانپەروەری کورد دکتۆر نەجمەدین کەریم-مان پێی گەیشت. دکتۆر نەجمەدین کەریم لە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورددا لە پێناو یەکێتی نەتەوەیی و بونیادنانی دیپلۆماسییەکی هاوبەشی نەتەوەییدا خاوەن رەنج و ئەمەکێکی زۆرە.
دکتۆر نەجمەدین کەریم چەندین ساڵ لە دەرەوەی وڵات لە پێناو ناساندنی دۆزی کورد بە رای گشتی جیهان و دەستەبەرکردنی مافە رەواکان، خەباتی بێوچانی ئاکادیمی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەبردووە.
لەم خەباتەدا بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوکەمان هەبووە و پێشەنگایەتی بۆ خەباتی هاوبەش کردووە. دکتۆر نەجمەدین کەریم هەتا کۆتایی تەمەنی بەردەوام هەوڵی داوە لە رای گشتی گەلانی جیهاندا دۆستایەتی تازە بۆ گەلی کورد قازانج بکات و بۆ ئەوە تێکۆشاوە کە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بە رەسمی بناسێنرێن.
دکتۆر نەجمەدین کەریم دۆستێکی هێژای بزووتنەوەکەمان بوو. پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی و رزگارکردنی کوردستان لە داگیرکەران لە بنەڕەتی ترین و گرنگترین خەبات و ئاواتەکانی دکتۆر نەجمەدین کەریم بوو. ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئازادی کوردستان هەتا دوایی وابەستەی ئەم ئامانجەی دکتۆر نەجمەدین کەریم دەمێنینەوە.
بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی کوردستان و بە تایبەت بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەکەین و هاوبەشی ئەو کۆستە گەورەیەتانین ، هیوادارین رۆحی بە بەهەشتی بەرین شاد بێت. ئاواتە خوازی سەبرو ئارامی و دڵنەوایی بۆ هەموو لایەکین.
کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)
ز.ش