لە ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر ٥ چالاکوان دیکەدا سەپێندرا

مەسعود سێتایشی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج بە ناوی روحاڵلا عەجەمیان، سزای لەسێدارەدان بەسەر ٥ کەس سەپێندرا.

سێتایشی باسی ئەوەی کرد کە ١١ کەس کە سێیانیان منداڵن بە سزایەکی قورسی زیندانیکران سزادراون. ژنێکیش سزادراوە بەڵام باسی سزاکەی نەکرد.

سزادراون دەتوانن تانە لە بڕیاری دادگا بگرن، بەڵام سزای لەسێدارەدان زوو بە زوو لە ئێران هەڵناوەشێندرێتەوە.

روحوڵلا عەجەمیان ئەندامی هێزی بەسیج رۆژی ٣ی تشرینی دووەم لە نزیک گۆڕستانی کەرەج لە خۆپیشاندانێکدا کوژرا. ماوەیەک لەمەوبەر ٦ کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزی بەسیج دەستگیرکران. دەوڵەتی ئێران چالاکوانان بە ئەندامێتی لە دەزگا سیخوڕیەکانی وڵاتانی جیهان و ئەندامێتی پارتە کوردیەکان تۆمەتبار دەکات.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە تاوەکو ئێستا ٤٠٠ بۆ ٧٠٠ کەس لە ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.

ف.ق