نیوەی ماڵەکانی غەززە رووخاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ٢١ رۆژە بەردەوامە. هێزەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە ئۆپراسیۆنێکیان لەناو غەززە ئەنجامدا. نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە بە هۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لەسەدا ٤٥ی ماڵ و بیناکانی غەززە رووخاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە.

هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل رۆژی پێنج شەممە رایانگەیاند کە لە غەزە 'ئۆپراسیۆنێکی زەمینی دیاریکراو'یان دەستپێکردووە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، شەوی چوارشەممە لە باکووری ناوچەکەوە بە تانک هێرشێکی زەمینیان ئەنجامداوە.

راگەیەندرا کە ئۆپراسیۆنە زەمینیەکەی رۆژی هەینی لەلایەن سەربازانی سوپای ئیسرائیل و بە پستیوانی فرۆکە شەڕکەرەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە.

سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە گەڕەکی شوجایای رۆژهەڵاتی غەززە و لە تەواوی کەرتی غەزە تەواوی بنکەکانی رێکخراوی حەماسی کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، کە مووشەکە دژە تانکەکان، ناوەندەکانی چاودێری و فەرماندەیی سەربازی حەماسیان کردووەتە ئامانج و ئەوەشی خستەڕوو، "دوای جێبەجێکردنی ئەرکەکە یەکینەکەیان ناوچەکەی جێهێشتووە". سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانیان بێ زیان بوون.

زیاتر لە ٧ هەزار کەس کوژراون

شەڕەکە لە ٧ی تشرینی یەکەم و دوابەدوای هێرشی بەربڵاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. لەبەرامبەر ئیسرائیل لەو رێکەوتە بەدواوە بێ پسانەوە بۆردومانی غەززە دەکات. بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حەماس کە رۆژی پێنج شەممە بڵاوکرایەوە، زیاتر لە ٧ هەزار کەس کوژراون، کە نزیکەی ٣ هەزاریان منداڵ بوون. هەروەها ٢٠ هەزار کەسیش برینداربوون.

لەسەدا ٤٥ی ماڵ و بیناکان رووخاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە

بە گوێرەی نوسینگەی رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەدا ٤٥ی خانووەکان لە کەرتی غەزە زیانیان بەرکەوتووە یاخود رووخاون. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە پشت بەستن بە لایەنە فەرمییەکانی حەماس رایگەیاند، کە زیاتر لە ١٦ هەزار خانوو بە تەواوەتی رووخاون.

نوسینگەی رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشی راگەیاند، کە ١.٤ ملیۆن مرۆڤ ناچاربوون کۆچ بکەن و زیاتر لە ٦٤٠ هەزار کەس لە ناوەندەکانی ئەوان بۆ پەنابەران نیشتەجێ کراون.

حەماس بۆ ئازادکردنی دیلەکان داوای ئاگربەستی کرد

لەلایەکی دیکەوە گفتوگۆ و مشتومڕەکان لەبارەی دیلەکان بەردەوامە. نوێنەرێکی حەماسیش بە رۆژنامەی روس کۆمێرسانتی راگەیاندووە کە تا ئاگربەست رانەگەیەندرێت، دیلەکان بەرنادەن.

بە گوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بزیکەی ٢٢٠ کەس لەلایەن حەماسەوە بەدیلگیراون. دایکێک و کچە ١٧ ساڵەکەی بە نێوەندگیری قەتەر لە ٢٠ ی تشرینی یەکەمدا ئازادکران. دوو ژنی تەمەن ٨٥ ساڵ و ٧٩ ساڵیش لە ٢٤ی تشرینی یەکەمدا ئازادکران.

نوێنەری حەماس ئەبو حامید رایگەیاند کە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ بزوتنەوەکەیان نیاز و خواستی خۆی بۆ ئازادکردنی 'زیندانیە مەدەنیەکان' دەربڕیوە. بەڵام دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لەلایەن گروپە چەکدارە جیاجیا فەلەستینیەکانەوە بە زۆرەملێ براونەتە غەززە، پێویستی بە کاتە.

نوێنەری حەماس ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ ئەوەی ئەرکە بەجێبگەیەنن پێویستە ئارامی بگەڕێنرێتەوە و جەختیشی کردەوە، کە "بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل تائێستا ٥٠ دیل کوژراون".