تەڤگەری ئازادی: با لە ١ـی ئایاردا گۆرەپانی تێکۆشان گەورەتر بکەین

تەڤگەری ئازادی: "با لە ١ـی ئایاردا، گۆڕەپانی تێکۆشان گەورەتر و بە جۆشتر بکەین، لە دژی نادادیی و پیاوسالاریی و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و ھەژاریی و بێکاریی کە سیما و تایبەتمەندیی دەوڵەتانی داگیرکەر و فاشیزمن".

ناوەندی هەواڵ

تەڤگەری ئازادیی لە بارەی ١ـی ئایارەوە ڕایگەیاند، ئەم ڕۆژە بەرھەمی ڕەنج و خەباتی ھاوبەشی کرێکاران و تێکۆشەرانی ڕێی ئازادیی و یەکسانییە لە سەرتاسەری جیھان، سەرمایەداری خۆی لەسەر زەوتکردنی ڕەنجی گەل و سەرکوتکردنی ژنان بنیاتناوە، با لەم ڕۆژەدا گۆرەپانی تێکۆشان گەورەتر و بەجۆشتر بکەین.

دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران ١ـی ئایار، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادییدا هاتووە، ڕۆژی ١ـی گوڵان، بەرھەمی رەنج و خەباتی ھاوبەشی کرێکاران و تێکۆشەرانی ڕێی ئازادیی و یەکسانییە لە سەرتاسەری جیھان، لە دژی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداریی، ئەم ڕۆژە جیھانییە بۆ گەلی کورد و شۆڕشە ئازادییخوازەکەی خاوەن واتایەکی مێژووییە، گەلی کورد قوربانییەکی ئەو سیستەمە چەوسێنەر و دەسەڵاتدارییەی جیھانە، لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا ئەو سیستەمە، کە ھەموو شتێکی سەر زەوی و ژێر زەوی خستووەتە خزمەت بەرژەوەندییە قازانج پەرستییەکەی، سڵ لە ھیچ کردەیەک ناکاتەوە.

هەروەک ئاماژەیان بەوەشداوە، سەرمایەداریی، پایەکانی خۆی لەسەر زھنیەتی دەسەڵاتخوازیی، پیاوسالاریی، قازانج پەرستیی و زەوتکردنی ڕەنجی گەل و سەرکوتکردنی ژنان بنیاتناوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیی بەخشەکەی، لە بەرامبەر ئەو سیستەم و زھنیەتە پێشەنگایەتیی تێکۆشانێکی ھەمەلایەنە دەکات، لە ئاستی فیکریی و سیستەم و بەرگریی ڕەوادا،  لەبەر خۆدانییەکی مەزن و مێژووییدا، جێگەی گرتووە بۆ پارێزگاریی لە ماف و ئازادییەکان و بەھاکانی کۆمەڵگە و جیھانێکی باشتر و ژیانێکی ئازاد، ئەمەیش بۆ گەلی کورد و تەواوی گەلانی بندەست، هەر بۆیە ١ـی ئایار بۆ ئێمەی کورد واتای تێکۆشان و باوەڕبوونە بە سەرکەوتن.

دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان راشیگەیاندووە،" با لە ١ـی ئایاردا، گۆڕەپانی تێکۆشان گەورەتر و بە جۆشتر بکەین، لە دژی نادادیی و پیاوسالاریی و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و ھەژاریی و بێکاریی کە سیما و تایبەتمەندیی دەوڵەتانی داگیرکەر و فاشیزمن".

هـ . ب