ئەعرەجی چاویکەوت بە جێگری سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا

ئەمڕۆ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی چاویکەوت بە جێگری سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا، موتلو تۆگا، پاش سێ ڕۆژ لە بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی نیشتیمانی ڕایگەیاند: «ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی قاسم ئەعرەجی، لە نوسینگەی خۆی پێشوازی کرد لە جێگری سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا، موتلو تۆگا و وەفدی یاوەری».

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لەمیانی چاوپێکەوتنەکەدا: «باس لە دوایین گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا، لەگەڵ باسکردن لە پرسە پەیوەندیدارەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، هاوشان لەگەڵ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەکردنی کێشە ئەمنییەکانی نێو دوو وڵاتەکە و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان».

دوێنێ لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی گەورە دژی هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەڕێوەچوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداربووان داوای بایکۆتکردنی کاڵا تورکییەکان و بانگهێشتکردنی کۆنسوڵی تورکیایان کرد لە بەغداد و هەولێر.

هەروەک بەشداربووان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆستانی گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهان کرد ڕێگە لە تاوانکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بگرن.