زۆری نەماوە تالیبان هەموو ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ بکات

دوابەدوای گەیشتنی چەکدارانی تاڵیبان بۆناو کابولی پایتەخت، سەرۆک کۆماری ئەفغانستان وڵاتی بەرەو شوێنێکی نادیار جێیهێشتووە.

ئاژانسی رویتەرز رایگەیاند، ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆمار، ئەفغانستانی بەرەوە وڵاتێکی دەرەوە جێهێشتووە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەشرەف غەنی لەگەڵ زەلمای خەلیل زاد نوێنەری ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان و نوێنەرانی ناتۆ لە کابول کۆبووەتەوە.

لەوبارەوە، عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاشتی نەتەوەیی ئەفغانستان، لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆیدا، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئەشرەف غەنیی وەک سەرۆک کۆماری پێشوو ناوبردووە.

هاوکات باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابول ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەفغانستان گەیشتوونەتە ئیسلام ئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە، لەوانە؛ سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆک کۆمار و ژمارەیەک دیکە کاربەدەستی ئەفغانستان.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئێستادا، ژمارەیەک لە چەکدارانی تاڵیبان لەناو کابولی پایتەختن و زۆربەی هێزەکانیان لە دەروازەکانی شار جێگیرکراون و ڕایانگەیاندووە کە داوایان لە کاربەدەستانی دەوڵەت کردووە کە بە شیوەیەکی ئاشتیانە پایتەختیان ڕادەست بکەن.

ف.ق