ئیسرائیل ئاوی دەریا دەکاتە ناو تونێلەکانی غەززە!

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژورناڵ بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ئاوی دەریای بەرداوەتە ناو تونێلەکانی حەماس لە کەرتی غەززە. جۆبایدن هەروەها هۆشداریی داوە بە ئیسرائیل کە پشتیوانی نێونەتەوەیی شکستی هێناوە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژورناڵ ڕاپۆرتێکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی بڵاوکردووتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە ئاگادار کراونەتەوە کە سوپای ئیسرائیل ئاوی دەریای بەرداوەتە ناو تونێلەکانی حەماس لە غەززە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئۆپەراسیۆنەکە مانگی ڕابردوو دەستیپێکردووە و لەوانەیە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت. هەروەها کەناڵی ABC لە هەواڵێکدا ئەم زانیارییەی پشتڕاست کردەوەو ڕایگەیاند، ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی سنووردار ئەو کارە دەکات، بزانێت ئەم ستراتیژە کاریگەری هەیە.

هەروەها شارەزایانی بواری ژینگە هۆشدارییان داوە کە بڕیارێکی لەو شێوەیە مەترسی بۆ سەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی کەرتی غەززە دروست دەکات.

ناڕەزایەتی جۆ بایدن بەرامبەر ئیسرائیل

لە لایەکی دیکەوە، جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی نائاسایی ڕەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل گرت کە بەرامبەر 'چارەسەری دوو دەوڵەت' وەستاوەتەوە و و هۆشداریدا لەوەی بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی بۆ سەر غەززە، پشتیوانی نێونەتەوەیی شکست دەهێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا وتی؛ "بیگومان دەبێت حەماس لەناوببرێت، سەبارەت بە بنیامین ناتانیاهۆش وتی:"دۆستێکی باشە، بەڵام دەبێت خۆی بگۆڕێت."