تولای حاتەمئۆغولاری: بەر لە گفتوگۆکردن لەسەر دەستوری هەمیشەیی دەبێت ئازادی راگەیاندن دەستەبەر بکرێت

هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەمئۆغولاری رایگەیاند، کە رێگە نادەن گفتوگۆکان لە سەر دەستوری هەمیشەیی نوێ ببێتە دەرچەیەک بۆ خۆڕزگارکردنی دەسەڵات و وتی، "ئەگەر ئێمە باس لە دەستورێکی هەمیشەیی دیموکراتیک دەکەین، دەبێت سەرەتا راگەیاندن ئازاد بێت".

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەمئۆغولاری بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی شارەکان لە ناوەندی گشتی سەبارەت بە پرسە گەرمەکان قسەی کرد. حاتەمئۆغولاری ئەوەی خستەڕوو کە لەم کۆبوونەوەدا نەخشەرێگەی رۆژانی داهاتوو دیاریدەکەین. حاتەمئۆغولاری ئاماژەی بە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداریش کرد و وتی، بۆ دەم پارتی هەڵبژاردنێکی تایبەت بووە. لەگەڵ حزبێکدا کێبڕکێمان کرد کە هەموو تواناکانی دەوڵەتی بەکارهێنا. هەروەها لەبەرامبەر رژێمی قەیوم کە پێشتر دانرابوو هەڵوێستێکی مان و نەمانمان گرتەبەر. پێکەوە و بەرامبەر بە هەموو ئەوانە توانیمان مۆری خۆمان لە سەرکەوتنی گەورە بدەین".

هاوسەرۆکی دەم ارتی ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرباری دەنگدەری هاوردە لە هەندێک شوێن بە جیاوازی کەمەوە ئاکەپە سەرکەوتووە و روونیکردەوە، کە لە شڕنەخ ١٠ هەزار پۆلیس و سەرباز دەنگیان داوە، بەو حاڵەشەوە ئاکەپە بە جیاوازی ٢ هەزار دەنگەوە بردوویەتیەوە، بەڵام لەراستیدا ئەوەی سەرکەوتووە دەم پارتی بووە.

سەبارەت بە بەرخودانی خەڵکی وان و وەستانەوە بەرامبەر بە زەوتکردنی ئیرادەیان وتی، سپاسی خەڵکی وان دەکەم، جارێکی دیکە نیشانیاندا بە هێزی خەڵکی رێکخستنکراو دەتوانرێت ئەقڵیەتی زەوتکارانە تێکبشکێندرێت.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا تولای حاتەمئۆغولاری ئاماژەی بە گفتوگۆکانی پەیوەست بە دەستوری هەمیشەیی کرد و وتی، "راستە پێویستی بە دەستوری هەمیشەیی نوێی دیموکراتیک هەیە. بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، دەستوری هەمیشەیی دیموکراتیک رۆڵی گرنگ دەگێڕێت. ئەم حکومەتە، وەها حکومتێکە کە هێشتاش بە گوێرەی دەستوری ٨٢ دەجوڵێتەوە. بەڵام ئێستا دەڵێت دەستوری هەمیشەیی نوێ ئامادە دەکەین. بە حکومەت، ئۆپۆزسیۆن و هەموو دینامیکەکانی کۆمەڵگا باش گوێ بگرن؛ وەک دەم پارتی ئێمە بۆ گفتوگۆکانی پەیوەست بە دەستوری هەمیشەیی لەگەڵ گەل دەستمان بە ئامادەکاری کردووە. رێگە نادەین کە گفتوگۆکانی پەیوەست بە دەستوری هەمیشەیی وەک یەنیکاپی بۆ دەسەڵات ببێتە دەرچەیەکی خۆڕزگارکردن. دەبێت گفتوگۆکانی پەیوەست بە دەستوری هەمیشەیی بە گوێرەی پێداویستیە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا بەڕێوەببرێن. دەبێت ئامانجمان ئەوەبێت کە گفتوگۆکان لە بازنەیەکی بەرفراواندا ئەنجام بدرێن.

حاتەمئۆغولاری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیداوەڵامی بانگەشەکانی پەیوەست بە ئاڵای دایەوە و وتی، "میدیای دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە شارەوانیەکانماندا 'ئاڵا هەڵنەدراون'. ئەوە بە دڵنیاییەوە درۆیە. کێشەمان لەگەڵ هێماکاندا و ئاڵادا نییە. دەیانەوێت رای گشتی تورکیا بۆ سەپاندنەوەی قەیوم ئامادە بکەن. هەربۆیە ئەو درۆیانە بڵاودەکەنەوە. دەیانەوێت ئاڵاش وەک کایە و بوارێکی رانت و گێچەڵ بەکاربهێنن.

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی یەکی ئایار رۆژی جیهانی کرێکارانیشەوە حاتەمئۆغولاری داوای کرد لەو رۆژەدا هەمووان بڕژێنە گۆڕەپانەکان هەر لە تەقسیمەوە، تا وان، ئیلیح، ئامەد، چوکورۆڤا، دەریای رەش و هەموو شوێنەکانی تورکیا.

لەکۆتایی قسەکانیشدا هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغولاری سەبارەت بە ئازادی کاری راگەیاندن قسەی کرد و ئۆپراسیۆنی دەستگرکردنی رۆژنامەوانان و خەباتکارانی راگەیاندنی ئازادی شەرمەزارکرد و داوای کرد کە دەستبەجێ ئەو رۆژنامەوانانە ئازاد بکرێن. ئەوەشی بە بیرهێنایەوە تورکیا یەک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین رۆژنامەوان تیایدا زیندانییە و لەو رووەشەوە وتی، "لەوەها دۆخێکدا ئاخۆ دەکرێت باس لە هەمواری دەستور بکرێت؟ ئەگەر ئێمە باس لە دەستورێکی هەمیشەیی دیموکراتیک بکەین، سەرەتا دەبێت راگەیاندن ئازاد بکرێت. دەبێت سەرجەم خەباتکارانی راگەیاندن ئازاد بکرێن".

هـ . ب