ژنانی ئەفغانستان بۆ مافی پەروەردە رژانە نێو گۆڕەپانەکان

گروپێکی ژنانی ئەفغانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان بۆ ماوەیەک خۆپیشاندانیان کرد و دژی هەوڵەکانی رژێمی تاڵیبان کە خوێندنی لە زانکۆکان بۆ ژنان قەدەغە کردووە وەستانەوە، ژمارەیەک لەو ژنانەش دەستگیرکران.

ژنان لە گەڕەکێکی کابولدا دروشم دەڵێنەوە و تیادا داوا دەکەن یان ماف بۆ هەمووان یان بۆ هیچمان. نزیکەی ٢٠ ژنی گەنجی ئەفغانی، کە سەرپۆشیان بەسەرەوە بوو و بەشێکیان دەمامکیان بەستووە داوای مافی خوێندنیان لە زانکۆ دەکرد.

هەندێک لەو ژنانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، دواتر دوو لەو ژنانە ئازادکراون، بەڵام بەشێکی زۆریان تا ئێستا ئازادنەکراون. خۆپیشاندانی ژنان لە ئەفغانستان دوای دەستگیرکردنی چالاکوانە بەناوبانگەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا زۆر کەم بووە، ئەو ژنانەی بەشداری لەم جۆرە بۆنە و چالاکیانەدا دەکەن، لەوانەیە ڕووبەڕووی مەترسی دەستگیرکردن یان توندوتیژی ببنەوە.

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ وا بڕیاربوو لە بەردەم کەمپی زانکۆی کابول ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییە چەکدارەکان لە دەوروبەری زانکۆکە شوێنەکەی گۆڕا.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە پەیامێکی کورتدا، نەدا محەمەد نەدیم، وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان، فەرمانی بە سەرجەم زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی وڵات کرد، خوێندنی ژنان ڕابگرن تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر.

ئەم بڕیارە جگە لەوەی خەڵکی وڵاتەکەی تووشی شۆک کرد، لە ئاستی  نێودەوڵەتیش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

گوشارەکانی ڕژێمی تاڵیبان لەسەر ژنان بەشێوەیکی فراوان دوای هاتنە سەر دەسەڵات زیادی کردووە بە شێوەیەک، ژنان لە زۆربەی کارە گشتییەکان دوور خرانەوە ئەوانەیش کە توانیان لەسەر کارەکانیان بمێننەوە مووچەیەکی کەمیان پێدەدرا بۆ ئەوەی دەستبەرداری کارەکانیان ببن.

هاوکات ژنان چیتر مافی ئەوەیان نییە بەبێ ئەندامێکی خێزانی پیاو گەشت بکەن و لە کاتی دەرچوون لە ماڵەوە دەبێت بورقا یان پەچە بەکار بهێنن.

لە مانگی ڕابردووشدا تاڵیبان چوونی ژنانی بۆ پارک و باخچە و هۆڵەکانی وەرزش و مەلەوانگەی گشتی قەدەغە کرد، دوا بڕیاریش قەدەغەکردنی خویندنی زانکۆ بوو لە ژنان.

دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە مانگی ئابی ٢٠٢١، تاڵیبان بەڵێنیدا نەرمی زیاتر نیشان بدات، بەڵام هەر زوو گەڕایەوە بۆ لێکدانەوەی زۆر توندی خۆی بۆ یاسای شەریعە کە تایبەتمەندی حوکمڕانیەکەی بوو لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١.

ف.ق