ترامپ: ئێران بەرپرسیاری سەرەکی هێرشەکەیە

لەیەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانێت.

دوای ئەوەی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر گروپە شیعەکان، چوونە ناو حەوشەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کاردانەوەی نیشاندا.

ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی: "ئێران ئەمریکییەکی کوشت و ژمارەیەکی دیکەشی بریندارکرد، ئێمەش بە توندی وەڵاممان دایەوە، هەمیشە وا دەکەین".

لە بەردەوامی تویتەکەیدا نووسیویەتی: "ئێستا ئێران هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەکەمان لە عێراق ڕێکدەخات، ئەوان (ئێران) بە تەواوەتی بەرپرسیارن (لەم کارەدا)، جگە لەوەش ئێمە چاوەڕوانین عێراق هێزەکانی بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەمان بەکاربهێنێت".

هەر لەو چوارچێوەیەدا مارکۆ ڕوبیۆ، سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی: "ئێران ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە ڕێکخستنی هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و پێویستە بۆ ئەمە و بۆ ئاسایشی هەموو ئەمریکییەکان کە لەوێ خەریکی خزمەتن، وەڵامدەر بێت".

ز.ش