خۆپیشاندەرانی عێراق هەتا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو مۆڵەت بە حکومەت دەدەن

تووڕەیی خۆپیشاندەرانی شارەکانی باشووروخوارووی عێراق تا دێت فراوانتر دەبێت و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو خۆپیشاندانانەتەشەنە دەکەن و شارەکانی تری عێراقیش دەگرێتەوە.

سەرەتا لە بەسرە و پاشان لە شارەکانی بەغداد و کەربەلا دەست بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرا، لە ئێستادا خۆپیشاندان شاری نەجەف و تەواوی پارێزگای میسان-یشی گرتووەتەوە. هەروەها لە پارێزگای دیالەش داوای مۆڵەتی خۆپیشاندان کراوە، بەڵام هێزە ئەمنیەکان ڕێگەیان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەو پارێزگایە نەداوە.

خۆپیشاندەران داوای جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و ڕەخساندنی هەلی کار دەکەن. لەبەرامبەردا بەرپرسانی باڵای عێراق تەنها بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو داواکاریانە دەدەن وهیچ هەنگاوێکی جددی نانێن. هەروەها بە دەیان کەسیان لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکردووە و چەند خۆپیشاندەرێکیش کوژراون و چەندینی تریش بریندار بوون. لە ئێستاشدا خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو چالاکوانانە دەکەن.

  سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی کە کۆتایی بەو خۆپیشاندانانە بهێنێت و دوێنێ لە وتاری هەفتانەی خۆیدا، ڕایگەیاند کە ئەو هێزانەی ڕەوانەی ئەوشارانە کراون کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان تێدایە، بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆپیشاندەرانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە داواکاری خۆپیشاندەران داواکاریی ڕەوان، بەڵام هەندێک کەس لەناو خۆپیشاندانەکانەوە هەوڵی تێکدەرانە دەدەن. بۆ نموونە لە نەجەف هەندێک لە خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر فڕۆکەخانە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نیە.

لای خۆشیەوە پارێزگاری نەجەف لوئەی یاسری، پاش سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ چەند سەرۆک عەشیرەتێکی پارێزگاکەدا، دوێنێ ئێوارە، بە کەناڵی سۆمەریەنیوزی ڕاگەیاند "پەیوەندیم بە سەرۆک عەشیرەتەکانی تەواوی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای نەجەفەوە کرد بۆئەوەی پێکەوە بڕۆینە بەغداد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆببینەوە. بەڵام نوێنەرانی عەشیرەتەکانی قەزای نەجەف وەڵامی بانگهێشتەکەیان نەداینەوە و ئامادە نەبوون"

خۆپیشاندەرانی پارێزگای نەجەفیش بۆ هەمان کەناڵ جەختیان لەوە کردەوە کە تەواوی ئەو کەسانەی لەگەڵ پارێزگای نەجەف سەردانی سەرۆکوەزیرانیان کردووە لە بەغداد، نوێنەرایەتی ئەوان ناکەن و ئاماژەیان بەوەش کرد کە هەتا هەنگاوی جددی نەنرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان، ئامادە نین دەست لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانیان هەڵبگرن.

هەروەها خۆپیشاندەران جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەوان هەتا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، کات دەدەن بە بەرسانی حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی لۆکاڵی کە هەنگاوی جددی بنێن بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان. ئەوەشیان دووپاتکردەوە کە ئەگەر تا دووشەممەی داهاتوو داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا جموجوڵ لە شارەکاندا ڕادەگرن و دەست بەسەر تەواوی دەزگاکانی حکومەت و دەوڵەتدا دەگرن.

داواکانیان خۆیان لە ئازادکردنی دەستبەجێی چالاکوانانی خۆپیشاندەران، دادگایکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران، باشترکردنی وزەی کارەبا و دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبادا دەبینێتەوە.

ک-ش