دوایین پێشهاتەکانی قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران

دوای ٥ ڕۆژ لە کوشتنی قاسم سولەیمانی  ڕژێمی ئێران بە ٢٠ موشەک هێرشی کردە سەر بارەگەکانی ئەمریکا لە عێراق. ڕژێمی ئێران دەڵیت لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٨٠ کەس کوژراون.

جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا هێرشەکەی لەسەر پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان شیکردەوە.

'بە پێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی ڕەوایە'

زەریف وتی، "ئێران بە پێی خاڵی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بارەگایانەی کردووەتە ئامانج کە لێیەوە لەدژی هاوڵاتی و کارمەندە بالاکانمان هێرش ئەنجامدەدرێت و ئێرانیش لە چوارچیوەی پاراستنی ڕەوا و ڕێوشوێنەکاندا وڵامی داوەتەوە. بەڵام نامانەوێت شەڕ گوڕ بکەین یان شەڕمان ناوێت.

سوپای عێراق: بە ٢٢ موشەک هێرش ئەنجامدراوە

سوپای عێراق ڕایگەیاند، ١٧ موشەک بەر بارەگای عەین ئەسەد و ٥ موشەکیش بەر بارەگای هەوڵیر کەوتوون و هیچ زیانێک بە سەربازانی عێراقی نەکەوتووە.

ئێران: ٨٠ کەس کوژراون و ١٠٠ جێگای تر دەکەینە ئامانج

کەناڵە فەرمیەکانی ئێران ڕایانگەیاند، بە پێی سەرچاوەیەکی سوپای پاسداران زیاتر لە ٨٠ کەس کوژراون و ئەگەر ئەمریکا وڵام بداتەوە ١٠٠ ناوەندی تر دەکەنە ئامانج.

سوپای ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بانگەوازیمان بۆ گەلی ئەمریکا ئەوەیە، بۆ ئەوەی زیانی تر ڕوونەدات و سەربازی ئەمریکی زیاتر نەبنە ئامانجی هێزەکانیان لە هەرێمەکە بکشێنەوە.

ڕاوێژکاری ڕۆحانی هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد

حوسامەدین ئاشنا ڕاوێژکاری حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا وڵامی هێرشی موشەکی بداتەوە، ئەگەری هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ ڕووبدات.

ترەمپ: هەموو شتێک لەسەر سکەی خۆیەتی

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا ئێستا هەموو شتێک لەسەر سکەی خۆی دەڕوات و هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و دوای لێکۆلینەوە لەسەر زیانەکەیان، شیکردنەوە بۆ دۆخەکە دەکرێت.

گراهام: هێرشە ڕاگەیاندنی شەڕە

لیندسی گراهام سیناتۆری کۆماریخواز بۆ فۆکس نیوز ڕایگەیاند، هێرشەکە بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕ دێت. سەرۆکی ئەمریکا بۆ وڵامدانەوە خاوەنی هەموو بڕیاری پێویستە."

ئێلیزابێت ورن سیناتۆری دیموکراتەکانیش وتی، "پێویستە ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکرێنەوە و ئەمریکا نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئێراندا بکات.

ف.ق