سوپای عێراق: دەستمان کردووە بە ڕێوشوێنەکانی دەرکردنی هێزە بیانییەکان

ئەندام پەرلەمانێکی عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیارەکەی پەرلەمان تەواوی هێزە بیانییەکان دەگرێتەوە بۆ دەرچوونیان لە خاکی عێراق. وتەبێژی فەرماندەی گشتی سوپای عێراقیش دەڵێت، دەستمانکردووە بە ڕێوشوێنەکانی دەرکردنی هێزە بیانییەکان.

ریاز مەسعودی پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سائیرون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا تایبەت بە ڕۆژنیوزی راگەیاند، بڕیارەکەی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەی پەرلەمان، بۆ تەواوی هێزە بیانییەکانی ناو خاکی عێراقەو لەسەر حکومەتیش پیویستە جێبەجێبکات.

مەسعودی جەختی لەوەشکردەوە، پیویستە ئەو وڵاتانە چیتر خاک و ئاو و هەوای عێراق لە بەرژەوەندی خۆیان و هێرشی سەر هیچ وڵاتێکیتر بەکارنەهێنن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان.

ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون باسی لەوەشکرد، پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشیش کە لە ساڵی ٢٠١٦وە هاتوونەتە عێراق، کۆتایی بە ئەرکەکانیان بهێنن و چەک لە عێراقدا تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

دووپاتیشیکردەوە، وەک پەرلەمان بە وردی چاودێری هەنگاوەکانی دەوڵەت دەکەن بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان بە تایبەت ئەمریکا.

لەبارەی هەبوونی هیزە بیانیەکان لە هەرێمی کوردستان، ریاز مەسعودی وتی، نازانن رێوشوێنەکان لە هەرێم چی دەبن، چونکە حکومەتی بەغدا نوێنەری نییە لە حکومەتی هەرێم و تا ئێستاش بەغداو هەرێم بەشێک لە ناکۆکییەکانیان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، پێشیوایە ناکۆکی نێوان هێزەکان لە عێراق، رێگەی لەبەردەم هێزو وڵاتانی بێگانە خۆشکردووە کە دەستوەردان بکەن لە کاروباری ناوخۆیی عێراق.

ئەو پەرلەمانتارە داوا لە ئەمریکاو ئەو وڵاتانە دەکات کە لەناو خاکی عێراقدا بوونیان هەیە، رێز لە بڕیارەکەی پەرلەمان و سەروەری خاکی عێراق بگرن.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ لیوا عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژی فەرماندەی گشتی سوپای عێراق میکانیزمەکانی بڕیاری هێزە بیانییەکانی بۆ ئاژانسی هەوڵی عێراق ئاشکرا کردووە.

لیوا عەبدولکەریم خەڵەف رایگەیاندووە، پابەندن بە بڕیارەکەی پەرلەمان کە تایبەتە بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەناو خاکی عێراق و پاڵپشتی ئاسمانی دەکەن.

هەروەها دەڵێت، تەواوی دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکان دەخەنە خزمەتی بڕیارەکە، لە کاتێکدا پێشترو لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕێگەی دوو یاداشتەوە داوایان لە ئەمریکاو وڵاتان کردبوو، بۆ لابردنی داعش پاڵپشتی سوپای عێراق بکەن.

خەڵەف ئاماژەی بەوەشداوە، دوای دروستبوونی ئەم ئاڵۆزیانەی دوایی بەتایبەت کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، عێراق دووچاری ململانێیەکی سەربازی سەخت بووەتەوەو دەیانەوێت دووبارە عێراق بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی پێش شەڕی داعش.

باسی لەوەشکردووە، حکومەت خوازیارە هەمیشە هاوکاری سەربازی وڵاتان و هاوپەیمانان وەرگرێت، بەڵام ئەوە تەنها لێکتێگەییشتنێکەو دەتوانرێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت بەتایبەت پاش دەرچوونی ئەو هێزانە لەسەر خاکی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ پەرلەمانی عێراق پرۆژە بڕیاری دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکانی لە خاکی عێراقدا پەسەند کرد.

ز.ش