سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێرشەکەی ئێرانی شەرمەزار کرد

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  لەگەڵ ئەوەی سەركۆنەی هێرشەکەی ئێرانی کرد، داواشی لەحكومەتی عێراق کرد، ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق لە پێشیلكاریەكان و بەدورگرتنی وڵات لە ناكۆكییەكان.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی بەیاننامەکە کە نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، "لە كاتێكدا كە سەركۆنەی پێشێلكاریی ئێران بۆ سەروەری عێراق لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی كانونی دووم دەكەین، جەخت لەسەر ڕەتكردنەوەی خواستی لایەنە ناكۆكەكان دەكەینەوە، كە گۆڕەپانی عێراق بەكاربهێنن بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكانیان".

هەروەها دەڵێت: لەم بارودۆخە ناهەموارەدا دووبارە داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین كە ڕێوشوێنی سیاسی و یاسایی و ئەمنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانەو پاراستنی سەروەریی عێراق لە هەر پێشێلكارییەك و بەدورگرتنی عێراق لە ناكۆكیەكان، تا نەبێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ناكۆكیەكان و جەنگ یان بوونی بە لایەنگری هەر لایەنێكی ناكۆكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.

محەمەد حەلبوسی، داواشی لەسەرجەم لایەنەكان كردووە دان بەخۆیاندا بگرن و حەكیمانە ڕەفتار بكەن و جەختی لەسەر گرنگی یەك هەڵوێستیی نیشتمانیی و هەماهەنگی هێزە كاریگەرە نیشتمانییەكان کردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەربەستەكان و پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی وڵات و بەدورگرتنی گەلی عێراق لە نەهامەتییەكانی جەنگ.

ز.ش