لە ئێراق خۆپێشاندان بەردەوامە و ٤۰ کوژراو و سەدان بریندار هەن

لە ئێراق خۆپێشاندانەکان بەردەوامن و ٤۰ کوژراو و زیاتر لە ۱ هەزار بریندار هەیە و بەرفەمانی حکومەت زۆربەی هێڵەکانی ئەنتەرنێت و تەلەفۆن بڕاون و داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە تا هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕاگرێت.

ئەمڕۆ لە چوارەم ڕۆژیدا خۆپێشاندانەکانی ئێراق درێژەیان هەبوو و ئاڵۆزی و پێکادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا تا دەچێت فروانتر دەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتەوە زیاتر لە ٤۰ کەس کوژراون و ۱ هەزار کەسیش بریندار بوون.
هەروەها بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە حكومەتی بەغدا هێڵەكانی ئینتەرنێتی و بەشێک لە تەلەفۆنی لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێراق پچڕاندووە و داوا لە هەرێمی کوردستانیش کردووە و هەمان هەنگاو بگرێتەبەر، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو داواكارییەی بەغدادی ڕەت کردەوەتەوە.
لەو بارەوە ئومێد مەحەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاندوە: وەزارەتی گەیاندنی عێراق داوایان لێكردوون هاوشێوەی شارەكانی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیش هێڵەكانی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕابگیرێن، بەڵام ئێمەوە وەک وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وەڵامی بەغدای داوەتەوە و پێمانڕاگەیاندوون، تەنها پابەند دەبین بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان و دەبێت لەو ئەنجومەنەوە گفتوگۆی ئەو بابەتە بكرێت و بڕیاری ڕاگرتنی هێلەکانی ئەنتەرنێت بدرێت، بەوپێیەی كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنیت مۆڵەتی کارکردنیان لە حكومەتی هەرێمەوە وەرگرتووە نەك بەغدا.

هـ.هـ