ڤیدیۆی چالاکییەکەى ١٣ی ئایار لە دژی بنکەى دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی تورک (میت) لە کانی ماسیی باشووری کوردستان لەلایەن یەکەی تۆڵەى شەهید بەدران گوندی کەرەمۆوە لە ئاژانسەکەمان بڵاوکرایەوە. دواى ئەوەى ڤیدیۆکە بڵاوکرایەوە، لە شەوی رابردووە هێرشێکى ئیلکترۆنیی قورس و چڕ دەکرێتە سەر ئاژانسەکەمان (ANF).
دواى بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆی ئەو چالاکییە لە دژی میت لە ئاژانسەکەمان، لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ ی شەوی رابردووە لە چەندین وڵاتی جیاجیاوە و لە یەک کاتدا و بەبێ وەستان هێرشی ئیلکترۆنی کرایە سەر ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF).
فەرماندەیی یەکەی تۆڵەى شەهید بەدران گوندی کەرەمۆ لەبارەى ئەو چالاکییەوە رایگەیاندووە:
"رۆژی ١٣ی ئایار یەکەى تۆڵەی شەهید بەدران گوندی کەرەمۆ لە ناوچەى ئامێدیی پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان خاڵی تایبەتی میت لە بنکەى کانی ماسیی کردە ئامانج، کە سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر لەو بنکەیەدا جێگیرکراوە. گورزی قورس لەو شوێنەى دوژمن درا و ژمارەیەکى زۆر لە دوژمن کوژراون، بەڵام ژمارەی کوژراوەکان و بریندارەکان بە تەواوی روون نەبووەتەوە".
ژ.ت