هاوڵاتیانی لوبنان ٨ ڕۆژە لە شەقامەکان داوای مافەکانیان دەکەن

خۆپیشادانەکانی هاوڵاتیانی لوبنان لەدژی زیادکردنی باج و گەندەڵی سیاسیەکان ٨ ڕۆژە بەردەوامن.

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان، ڕۆژی چوارشەمە لە بەیروت و دەوروبەری بە دەستوەردانی سوپا فراوانتر بوو.

خۆپیشاندەران چالاکیەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەردەوام کرد. بەڵێنەکانی حکومەت بۆ چاکسازیش نەیتوانی خۆپیشاندانەکان دامرکێنێتەوە.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا بە هەزاران ژنیش بەشداریان لە چالاکیەکاندا کرد. ژنان لە وڵاتەکەدا لە ڕووی هاوسەرگیری، جیابوونەوە و میراس مافیان پێشێل دەکرێت. ڕۆژی شەمەی ڕابردوو بە سەدان ژن لە بەیروت لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان زنجیری مرۆییان دروست کرد و هەوڵی ئاستەنگکردنی توندوتیژیاندا.

ڕۆژی دووشەممە سەعید حەریڕی سەرۆک وەزیری لوبنان، پاکێجێکی چاکسازی ئابوریی ئاشکرا کرد. خاڵێکی پاکێجەکە کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتار و وەزیرەکان بوو بە ڕێژەی لەسەدا ٥٠ . بەڵام ئەو هەنگاوەی سەرۆک وەزیران نەبووە هۆی دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان.

ف.ق