پڕۆژە بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەخاکی عێراق پەسەند کرا

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی کورد، پڕۆژە بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لەناو خاکی عێراق پەسەند کرد کە لە ٥ خاڵ پێکهاتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە بوونی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق بەڕێوەبرد و پەرلەمانتارانی کوردیش بایکۆتی ئەو دانیشتنەیان کرد.

 لە دانیشتنەکەدا پڕۆژە بڕیارێک بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق لەلایەن چەند فراکسیۆنێکەوە ئامادە کرابوو.

دوای گفتوگۆکردنی پڕۆژە بڕیارەکە، بەزۆرینەی دەنگ لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پەسەندکرا و ئاراستەی حکومەتی عێراقی کرا بۆ جێبەجێکردنی، کە دەقی بڕیارەکە بەمشێوەیە هاتووە:

١-حکومەتی عێراق پابەند بێت بە هەڵوەشانەوەی داواکاری یارمەتیدانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەهۆی کۆتایی هاتنی پرۆسە سەربازییەکان و جەنگ و سەرکەوتن بەسەر داعش.

٢-لەسەر حکومەتی عێراقی پێویستە کاربکات بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق و ڕێگرتن لێیان لە بەکارهێنانی ئاو، خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هەر مەبەستێک بێت و ئەمەش لەماوەی (...) وە پابەندکردنی ئەو وڵاتانەی هێزیان هێناوەتە ناو خاکی عێراق، وە هیچ هەرێمێکی عێراق وەک سەکۆی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دیکە بەکارنەهێنن.

٣-پێویستە حکومەتی عێراق لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە کە وەزیری دەرەوەیە، ڕوو بکاتە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سکاڵا لەسەر ئەمریکا تۆمار بکات، بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلکاری مەترسیدار لەسەر ئاسایش و سەروەری عێراق.

٤-حکومەتی عێراقی لەبەرزترین ئاستدا هەڵدەستێ بە لێکۆڵێنەوە لە وردەکارییەکانی بۆردوومانەکەی ئەمریکا و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لەماوەی ٧ ڕۆژ لە دەرچوونی بڕیارەکەوە، لە دەرەنجامەکانی ئاگادار بکاتەوە.

٥-ئەم بڕیارە لە ڕۆژی پەسەندکردنیەوە جێبەجێ دەکرێت.

ب.ش