کۆشکی سپی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەکات

خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە لە ٢٥ی مانگی ڕابردووە دەستیپێکردووە بەردەوامە و سەرەڕای هەوڵی هێزە ئەمنیەکان و بەکارهێنانی هێز بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی شارەکان، بەڵام خۆپیشاندەران جەختدەکەنەوە کە بەردەوام دەبن

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی عێراق، ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندەران چەندین جار ویستوویانە بچنە ناو گۆڕەپانی تەحریرەوە کە یەکەم گۆڕەپانی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانە لە بەغدا و عێراق، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوویان بونەتەوە و بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردووە و زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون.

لە شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقاریش، دوێنێ ئێوارە خۆپیشاندەران ڕژانە گۆڕەپانی حبوب و بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەئەمنییەکان سێ کەس بەهۆی بە کارهێنانی گوللـە و گازی فرمێسك ڕێژەوە کوژران و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون.

بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێکە باس لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی عێراق دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان، کە بەپێی ئامارەکان تائێستا لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ٣٢٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون.

لە نوێترین هەڵوێستدا کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوكردەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت، کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران خۆپیشاندەرانی عێراق سەرکوت دەکەن.

کۆشکی سپی نیگەرانی خۆشی لەبارەی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران و چالاکوانان و ڕاگەیاندنەکانی عێراق دەربڕیوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە سەرەڕای توندوتیژییەکان و پچڕانی ئینتەرنێت، بەڵام دەنگی عێراقییەکان بۆ ئەنجامدان و چاکسازی لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەبیسترێت.

ف.ق