١٧یەمین فستیڤاڵی ژنانی زیلان لە گێلسەنکیرشن بەڕێوەدەچێت

فستیڤاڵی ژنانی زیلان کە گەورەترین کۆبوونەوەی ژنانی کورد لە ئەڵمانیایە ئەمسال بۆ جاری ١٧یەمین بەڕێوەدەچێت.

١٧یەمین فستیڤاڵی ژنانی زیلان لە شاری گیلسەنگیشنی ئەڵمانیا ساز دەکرێت.

فستیڤاڵەکە لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردی ئەڵمانیا (یەژەکە-ئە) ساز دەکرێت، بۆ یادکردنەوەی ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) بەڕێوەدەچێت کە لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە کۆمەڵکوژیەکدا ژیانی لەدەستدا. لە فستیڤاڵەکەدا ژیان و تێکۆشانی ئەڤین گۆیی بە دیمەن دەگێڕدرێتەوە.

هەروەها لەسەر فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' پانێلێک ساز دەکرێت. بەرهەم و کاری دەستی ژنانیش لەسەر ستاندەکان نمایش دەکرێن. وێنەکێشانی ژنیش بەرهەمەکانیان لەبارەی تێکۆشانی ئازادی ژنان لە پێشانگایەکدا نمایش دەکەن.

لە فستیڤاڵەکەدا جێگەی یاری بۆ منداڵان ئامادە کراوە

لەگەڵ گروپەکانی هەڵپەڕکێدا هونەرمەندان و گروپەکانی موزیکی ژنما، مزگین تاهیر، کەڤانا زێڕین، ئەیلەم ئاکتاش، بەسەر شاهین و فرمێسکیش دەچنە سەر شانۆ.

ژیندا دەنیز و ئایتەن کاپڵان ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری فستیڤاڵ کە هاوکات ئەندامی بزوتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە)ن لەبارەی ئامدەکارییەکانەوە زانیاریان راگەیاند و بانگەوازیان بۆ بەشداری کردن راگەیاند.

ژیندا دەنیز: لە دژی داگیرکەری و پیاوسالاری ژمارەمان زۆر دەکەین

ژیندا دەنیز سەرنجی بۆ سەر لایەنی نێونەتەوەیی فستیڤاڵەی ژنانی زیلان راکێشا و داوای لە ژنانی نەتەوەکانی دیکەش کرد بەشداری لە فستیڤاڵەکەدا بکەن. وتیشی، ئازادی ژن و شۆڕشی ژن بە پێشەنگایەتی 'ژن، ژیان، ئازادی' پێکدێت. هەربۆیە فستیڤاڵەکە هەم دەبێت پەیامێک و هەم دەبێتە بانگەوازێک. پەیامێکیش دەداتە جیهان و پیاوسالاری. ژنان چەندە بەدەوری یەکترەوە کۆببنەوە، چەندە خۆیان رێکبخەن و چەندە زیاد ببن ئەوەندە بەهێز دەبن، داگیرکەریش لاواز دەبێت. هەربۆیە دەبێت هەموان بەشدار بن، بۆئەوەی ژمارەمان زۆر بێت و بەرامبەر بە داگیرکەری و پیاوسالاری بوەستینەوە".

ئایتەن کاپڵان: لەسەر ژن، ژیان، ئازادی گفتوگۆ دەکەین

ئایتەن کاپڵانیش وتی، "قۆناغێکی دژوارمان تێپەڕاند. بە تایبەتیش قۆناغێکی پڕ لە توندوتیژی و کۆمەڵکوژی لە دژی ژنان بوو. لە رۆژهەڵات کوژرانی ژینا ئەمینی، کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس، بومەلەرزەش کاریگەری دژواری کردە سەر ژنان. سەرباری هەموو ئەوانە برەومان بە تێکۆشانی ژناندا. بە تایبەتی بە بەرخودانی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان فەلسەفەی ژیانیی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە جیهانی بوو. بەرخودانی کۆبانێ ژنی کوردی بە جیهان ناساند، بە بەرخودانی ژنانی رۆژهەڵات بەرخودانەکەمان بە جیهانی بوو. لە رێگەی فستیڤاڵی ئەمساڵی زیلانەوە ئێمە رێکخستنی خۆمان، تێکۆشانی خۆمان، هەروەها لەگەڵ هەموو بزوتنەوەکانی ژنان هێزی یەکگرتووی خۆمان و ئامانجەکانمان بە جیهان دەناسێنین. لەم فستیڤاڵەدا ئێمە لەگەڵ گروپ و لایەنی جیاجیای ژنان کۆدەبینەوە و باس لە تێکۆشانی هاوبەشی خۆمان و فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەکەین.

هـ . ب